٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێبوار بابکەیی بۆ KDP: پلان و بەرنامە بۆ ساڵی نوێ دانراوە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سۆران دەڵێت، دوای ئەوەی لەمساڵدا پارتی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست ھێنا و خەڵک متمانەی بە پارتی بەخشییەوە، پلان و بەرنامە دانراوە بۆ ساڵی داھاتوو خزمەتی زیاتری خەڵک بکرێت و ساڵی خێروخۆشی بێت بۆ خەڵکی کوردستان.

د. ڕێبوار بابکەیی، بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو بەرنامە و پلانەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دایناوە و خۆی بۆ ئامادە کردووە بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی و لەسەر ئاستی حزب و زیاتر چوونە ناو خەڵک و بەدەمەوەچوونی داواکاریی خەڵک و گەیاندنیانە بە حکوومەت، لەسەر ئاستی خزمەتگوزاریش خزمەتی زیاتر پێشکەشی خەڵک بکرێت و بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو کێشانەی ھەن بکرێت و بژێویی خەڵک باشتر بکرێت، بەپێی ئەو بەرنامەیەی ھەیە، ئومێدی گەورەمان ھەیە ساڵی داھاتوو بۆ خەڵکی کوردستان ساڵی خێروخۆشی بێت.

بابکەیی گوتیشی: لەلایەن خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە سەلمێندرا پارتی و سەرۆک بارزانی ھەبن، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی زیاتر دەبێت و قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان پارێزراوتر دەبێت، ئاسۆی چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ڕووناکە و کێشەکان بەرەو چارەکردن لە چوارچێوەی دەستوور دەچن، ئەو سەردەمە بەسەرچوو ناحەزان و ھەندێک لایەنی سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوە و عێراق ھەوڵ بدەن زیان بە پارتی بگەیەنن و ھەوڵ بدەن پارتی بنکۆڵ بکەن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە و قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەبار ببەن، ھەموو پیلانەکان پووچەڵ بوونەوە و بۆیان نەچووە سەر.

ناوبراو جەختیشی کردەوە: پارتی ھێزی جەماوەر و خەڵکە و ھێزی تەبایی سیاسیی خەڵکە، خەڵکی ھەرێمی کوردستان متمانەی بە پارتی کرد و جارێکی دیکە پارتییان کردەوە ھێزی دەسەڵات، خەڵک بڕوایان وابوو بۆ ئەوەی خوێنی شەھیدان بەفیرۆ نەچێت و قوربانیانی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو خوێنیان بەفیڕۆ نەڕوات، دەبێ جارێکی دیکە متمانە بە پارتی و سەرۆک بارزانی ببەخشنەوە و کردیشیان.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار