مەحمود ئێزدی بۆ KDP: بۆ سەرژمێری لە پارێزگای نەینەوا ئامادەکاری تەواو کراوە
_(7)_(1)__2024_02_25_h17m2s6__ER_(1)__2024_11_17_h17m26s25__RM.jpg)
مووسڵ -KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی: ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان لە سنووری پارێزگای نەینەوا.
یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارە پرۆسەی سەرژمێری لە ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، ڕۆژی ھەینی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد و بە پێویستی زانی کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ لقی ١٧ی پارتی و لقی ١٤ی پارتی لە ھۆڵی ڕۆشنبیری لە سێمێل ئەنجام بدات، تێیدا زیاتر لە ٤٠٠ کادیر و بەرپرسی حزبی بەشداربوون و بە تێروتەسەلی باسی گرینگی پرۆسەی سەرژمێری کرد، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان، لەو سەرژمێرییە ئەوە گرینگە ڕێژەی کورد لە ھەر ناوچەیەک دیاری دەکرێت، بۆ ئەوەی مافی ھیچ کەسێک نەخورێت، پشتیش بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەبەسترێت و خەڵک تۆمار دەکرێت، ئەو سەرژمێرییە لە ناوچە کوردستانییەکان نابێتە جێگرەوەی ماددەی ١٤٠، پارتی گرینگی بەو پرۆسەیە دەدات و کاری باشی لەسەر کردووە، دوای کۆبوونەوەکەش بەپێویستمان زانی ژووری عەمەلیات لە ھەموو ناوچەکانی سنووری پارتی، لەسەر ئاستی ھەردوو لقی سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە نەینەوا درووست بکرێت و خەڵک هانبدرێت بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێری بکەن.
مەحمود ئێزدی گوتیشی: ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ھەموو ئەوانەی سەر بە ناوچە کوردستانییەکانن و ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە بگەڕێنەوە بۆ سەر ناوچەکانی خۆیان، ئەگەر نەشگەڕێنەوە لە شوێنی خۆیان لەسەر ناوچەکانی پێشووی خۆیان تۆمار بکرێن، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین بگەڕێنەوە و لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان تۆمار بکرێن، بۆ ئەوەی ھیچ بیانوویەک نەمینێت و کێشەیان بۆ دروست نەکرێت، چونکە ئەو پرۆسەیە بۆ کورد گرینگە و چارەنووسازە، پێویستە ھەموو کوردێک بەشداری لە سەرژمێری بکات، بەتایبەت کوردانی ئێزدی، لە ڕۆژی سەرژمێری بچن لە شوێنی خۆیان تۆمار بکرێن.
بڵند ئیبراھیم




