ئەکرەم ساڵح بۆ KDP: گەڕانەوەی کورد کاریگەری لەسەر داھاتووی ناوچە کوردستانییەکان ھەیە

گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان دەڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ پڕۆسەی سەرژمێری و گەڕانەوەیان ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، چونکە کاریگەری لەسەر داھاتووی ئەو ناوچانە ھەیە.
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆسەی سەرژمێری پڕۆسەیەکی گرنگە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھاوکات ھەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر پڕۆسەکە ھەبوو لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام دوای ئەوەی حکوومەتی فیدراڵ ڕەزامەندی دا لەسەر تێبینیەکانی حکوومەتی ھەرێم، پڕۆسەکە لەسەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەکرەم ساڵح دەڵێ: ئەوەی زۆر گرنگە خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لەسنووری ماددەی ١٤٠ لە پارێزگای کەرکووک، خانەقین، دووزخورماتوو، مەخموور، مووسڵ و شنگال بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان و لەوێ سەرژمێری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکاریەک دەکات و تەواوی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ھاوکار و پشتیوان دەبن، چونکە ئەم پڕۆسەیە کاریگەری ھەیە لەسەر داھاتووی ئەو ناوچانە، بۆیە گەڕانەوەی خەڵک بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لەزێدی باب و باپیران ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە.
ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە پڕۆسەی سەرژمێری لەسەرتاسەری عێراق و ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و ئەوەی زۆر گرنگە بۆ کورد لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیسەلمێنن کە ئەو ناوچانە بەدرێژایی مێژوو کوردستانی بوون و زۆرینەی کوردن و ھەر کوردستانیش دەمینێنەوە، بۆیە گرنگە ئەو کوردانەی بەھەر ھۆکارێک ئاوارەبوون لەو ڕۆژە بۆ پڕۆسەی سەرژمێری بگەڕێنەوە و لەوێ سەرژمێری بکەن.
بڵند ئیبراھیم




