د. ڤیان بۆ KDP: دھۆکی و زاخۆیەكان لە ٢٠ /١٠ ھێزی پارتی پێشانی ھەمووان دەدەن

دھۆک-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک ڕایگەیاند، پارتی و دھۆک دووانەن و لێک جیا ناکرێنەوە و دھۆکیش بانکی پارتییە، بۆیە هەروەک چۆن ئێستا بەردەوام ئاھەنگ و کەرنەڤاڵ بۆ لیستی ١٩٠ی پارتی ساز دەکرێت، لە ٢٠ /١٠ لە رۆژی دەنگداندا بۆ سەرکەوتنی پارتی بە ھەمان شێوە ئاھەنگ و کەرنەڤاڵ ساز دەکرێن، چونکە پارتی لەم ھەڵبژاردنەدا سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکات.
د. ڤیان سلێمان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە پارێزگای دھۆک بە شێوەیەکی زۆر باش و لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوە دەچێت و پارێزگای دھۆک پەیوەندییەکی رۆحیی لەگەڵ پارتی ھەیە و بە بانکی پارتی ناسراوە، بۆیە پارتی ئەو کەشەی دروست کردووە ھەموو لایەنێک بتوانن بە ئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن، جەماوەری پارتی لە دهۆك پەیمانیان داوە هەروەک چۆن لە سەرەتای دروستبوونی ئەو پارتەدا، ئەو پارێزگایە لەگەڵ پارتی بووە، تا دەگاتە ئامانج لەگەڵ پارتی دەبێت و پارتی و پارێزگای دھۆک دووانەن و لێک جیا نابنەوە، ھەر لەبەر ئەوە ھەموو خەڵکی پارێزگای دھۆک پشتگیری لە پارتی دەکەن و پارتیش بە موڵکی خۆیان دەزانن، بنەماڵەش لە دھۆک نییە خاوەن شەھید و پێشمەرگەی ئەیلوول و گوڵان نەبێت، بۆیە ئەو پەیوەندییە لە نێوان پارتی و دھۆک، پەیوەندیی ھەتاھەتاییە و ھیچ کات لاواز نابێت و ناپچڕێت و لە ھەموو ھەڵبژاردندنەکاندا پارتی یەکەم بووە و یەکەمیش دەبێت.
د. ڤیان گوتیشی، ئەندازیاری پرۆسەی ھەڵبژاردن سەرۆک بارزانییە و پرۆسەی ھەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشە دەکات و رۆژانە بە ئاپۆڕای جەماوەری بانگەشە دەکرێت و پێشوازی لە لیست و کاندیدانی پارتی دەکرێت، بۆیە پارتی کار دەکات بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغە بگاتە ئاستێکی باشتر لە ڕووی دیپلۆماسی و ئابووری و ئەوەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵکی کوردستانەوە ھەیە، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان بکرێت، بۆیە خەڵکی دھۆک دڵنیان دوای ھەڵبژاردن قۆناغێکی دیکەی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئاوەدانی چاوەڕێیان دەکات و پارتیش کوردستان بۆ قۆناغێکی بەرزتر دەگوازێتەوە.
ناوبراو، ڕوونیشی کردەوە کە جەماوەری پارێزگای دھۆک و زاخۆ زۆر بەپەرۆشن بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان و بەشدارییەکی کارا دەکەن و دڵنیان پارتی زۆرترین دەنگ و زۆرترین کورسی بەدەست دەهێنێت، چونکە کوردستان بە گشتی و دھۆک بە تایبەتی، پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ پارتی ھەیە و پارتی بۆ خەڵکە و خەڵکیش دەنگ بە پارتی دەدات، پارتیش ھەمیشە سەلماندوویەتی خاوەنی بەڵێنەکانی خۆیەتی و بە کردار بۆ خەڵکی سەلماندووە، چونکە پارتی حیزبێکی کاتی نییە و بۆ مەبەستێکی کاتی نییە، بەڵکو پارتی ھەڵگری ئاواتی میللەتی کوردە و دەزانن کوردستان لەسەر دەستی پارتی ئاوەدان کراوەتەوە و ھەمیشە پشتیان بە پارتی قایم بووە و لە ھەموو تەنگانەکاندا پارتی بووەتە خاوەنی خەڵکی و ھانا بۆ پارتی و بارزانی دەبەن، بۆیە خەڵک دەنگ بە پارتی دەدەن، چونکە دروشمی لایەنەکانی دیکە کاریگەری لەسەر خەڵک نابێت و خەڵک دەنگ بە پارتی دەدات و لایەنەکانی دیکە دەیانەوێت کوردستان بگاتە بنبەست و ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن، بەڵام پارتی سەرفرازیی خەڵکی دەوێت و دەیەوێت پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات، بۆیە خەڵک دواڕۆژی خۆی ناکاتە قوربانی بۆ دەنگدان بە لایەنەکانی دیکە، چونکە خەڵک ھۆشیارە و بەویژدانە و دەزانن دەنگ بەکێ دەدەن و کێ خزمەتی کردووە، بۆیە هەروەک چۆن ئێستا ئاھەنگ دەگێڕین و کەرنەڤاڵ ئەنجام دەدەین، دوای ھەڵبژاردنیش بۆ سەرکەوتنی پارتی ئاھەنگ و کەرنەڤاڵ دەگێڕین، چونکە ھەموو خەڵک بە بەڵێ بۆ لیستی ١٩٠ی پارتی، ھێزی پارتی پێشانی ھەمووان دەدەن و سەرکەوتنی گەورە بۆ پارتی تۆمار دەکەن.
دەشڵێت، لە دھۆک و زاخۆ بە گشتی کاندید و کادیر و ئەندام و لایەنگرێکی زۆری لایەنەکان پەیوەندییان بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، خەڵک چاوی کراوەیە و دەزانێت تەنیا پارتی خزمەت دەکات و بەرگرییان لێ دەکات و دەستکەوتەکانی کوردستان دەپارێزێت، چونکە متمانەیان بەو حیزبە ھەیە بەڵێنەکان بکاتە کردار، نەک سەرکردەی ھەندێک لایەن كە ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکەن و دەیانەوێت بە قسەی چەواشەکار خەڵک لەخشتە ببەن، بەڵام خەڵک ھۆشیارە و دەنگیان پێ نادەن و دەنگ بە پارتی دەدەن.
بڵند ئیبراھیم




