٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت: گرنگە لە 20ـی ئۆکتۆبەر دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە خزمەتی گەل و وڵات دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاستی خوێندن بەرەوپێش دەبەین و حکوومەت بە هەموو توانەکانی بەردەستی هاوکار دەبێت. هاوکات دەڵێت: سوپاس بۆ مامۆستایان کە لەکاتی قەیرانەکاندا نه‌یانهێشت پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت.

بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی خولی 43ـیه‌مینی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددین بە ناونیشانی (خولی زانست، داهێنان و بنیادنان) لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر بەڕێوە چوو و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەددیندا، گوتارێکی پێشکەش کرد و وێرای پیرۆزباییکردن لە دەرچووان و کەسوکارەکانیان ئاماژەی بەوە دا، ئەم سەرکەوتنە بۆ قوتابییان لەو قۆناغەی ژیانیان سەرکەوتنێکی گەورەیە، دەبێت هەستێکی خۆشتان هەبێت کە بەرهەمی ڕەنج و ماندوبوونی خۆتان بببینن، شانازیتان پێوە دەکەین.

مەسروور بارزانی، سوپاسی سەرجەم مامۆستایان دەکات و دەڵێت: مامۆستایان لەکاتی قەیراندا نەیانهێشت خوێندن پەکی بکەوێت و بەردەوام بوون لە پێدانی وانە بە قوتابییان، هەروەها سەرەڕای ماندوبوونیان نەیانهێشت ڕەنجی قوتابیان بەفیڕۆ بچێت. هاوکات گوتی: قەرەبووی ماندوبوونی مامۆستایان دەکەیەنەوە.

لەبارەی بەرەوپێشبردنی ئاستی خوێندن، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەمانەوێت ئاستی خوێندن لە کوردستان بەرەوپێش بەرین، بۆ ئەم مەبەستە دەستەی متمانەبەخشینمان دامەزراندووە، بۆ ئەوەی ئاستی خوێندی باڵا بە پێوەر و ستانداردی نێودەوڵتیی بکرێت، جێگەی خۆشحاڵیشە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی زانکۆکانیش بەرەو پێش دەچێت.

ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەت هەموو هەوڵێک دەدات گرنگییەکی زیاتر بە زانکۆکان و شوێنی حەوانەی قوتابییان بدات، هاوکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن لە هەموو ڕوویەکەوە درێغی ناکەین.

مەسروور بارزانی، لە درێژەی گوتارەیەکدا پەیامێکی ئاراستەی دەرچووان کرد و گوتی: ئەمڕۆ قۆناغی خوێندتان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند، بەڵام پێ دەنێنە تاقیکردنەوەیەکی دیکە ئەویش دەنگدانە، پێویستە هەموو بەشداری بکەن لە دەنگدان، زۆرینەتان یەکەمجارە بەشداری دەکەن لە دەنگدان و، گرنگە دەنگ بدەن چونکە ئەوە مافی ئێوەی خۆشەویستە.

باسی لەوەش کرد، ئێوە ئێستا بەو زانستەی کە فێریبوون دەتوانن خوێندنەوەیەکی باشترتان بۆ ڕووداوەکان هەبێت، گرنگە لە 20ـی ئۆکتۆبەر دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە خزمەتی گەل و وڵات دەکات.

لەبارەی هەڵبژاردنەوە جەختی لەوە کردەوە، ئەم ‌هەڵبژاردنە بۆ هەموومان گرنگە، هەر بڕیارێک لەم هەڵبژاردنە بدرێت چارەنووسی وڵاتمان دیاری دەکات، دەنگدەران دەتوانن دەستنیشانی ئەوە بکەن کە کێ حوکمڕانی داهاتوویان بێت، پێویستە هەموو لایەک دەنگ بدەن بۆ ئەوەی خەڵکێکی دیکە لە بری دەنگدەران بڕیار نەدەن.

لەبارەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە بە بارودۆخێکی ناخۆش تێدەپەڕن، بەڵام ئێمە لە پێشوشدا بارودۆخی لەو شێوەیەمان بینیوە و تێمانپەڕاندوون، لەمەودوا بە بوونی ئێوە و هێزی ئێوە دەتوانین وڵاتێکی خۆشتر و باشتر بۆخۆمان دروست بکەین، کەس ناتوانێت وڵاتمان بۆ دروست بکات ئەگەر خۆمان نەمانەوێت.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، گرنگە بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم وڵاتە هی هەمووانە، دەتوانین پێکەوە وڵاتێک بۆخۆمان دروست بکەین کە نموونە بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها دەرچووان دەتوانن بەشدار بن لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕۆڵی خۆتان بگێڕن،  بۆ ئەوەی بەیەکەوە کوردستانێک دروست بکەین، ئارام، ئاشتیخواز و پێشکەوتوو بێت.

لە کۆتایی گوتارەیەکەیدا، مەسروور بارزانی، بە گەشبینییەوە ئاماژەی بەوە کرد، دڵنیام ئێوە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە خاوەنی وڵاتێکی خۆشتر و  گەشەسەندوتر. هەروەها حکوومەت بەردەوام یارمەتیتان دەدات و هەلی کارتان لە کەرتی گشتی و تایبەتدا بۆ دەڕەخسێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار