سهرۆكی حکومەت سەرپەرشتیی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانی لە نێوان بهریتانیا و هەرێمی کوردستان دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئهمڕۆ سێشەممە 9/3، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێکی بەریتانی کرد، بە سەرۆکایەتیی ئۆلیڤەر کریستیان، کۆمسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکستان.
لە دیدارەکەدا کە ئەندرو بیزلی، كونسوڵى گشتیى شانشینی یەکگرتوو له ههرێمى كوردستان ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کرا. بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی بەردەوامی شانشینی یەکگرتووی کرد، بۆ هەرێمی کوردستان و خواستی پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەشی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
کۆمسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەرفەتی زۆر بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا هەیە.
پاشان بە چاودێری و سەرپەرشتیی سەرۆکی حکومەت، ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا واژۆ کرا، لە بواری پەرەپێدانی بازرگانی و دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی کە لە پێشینەن بۆ کارلەسەرکردن و پێشخستن و گەشەپێدانیان، وەک کشتوکاڵ و تەندروستی و پێشخستنی توانا مرۆییەکان و تەکنەلۆجیا.





