٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گواستنەوەی ئاوی باران و لافاو بۆ ژێر زەوی سەرکەوتنی بەدەست ھێنا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار لە ھەرێمی کوردستان جۆرێکی نوێی پڕۆژەی ئاو جێبەجێ کراوە و سەرکەوتوو بووە، بۆیە بڕیارە لە هەموو ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کە ھەم ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات و ھەمیش رێگر دەبێت لەوەی لافاو دروست ببێت.

د. کاروان ھەورامی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بۆ یەکەم جار لە ھەرێمی کوردستان جۆرێکی نوێی پڕۆژەی ئاو جێبەجێ کراوە و سەرکەوتووش بووە، ئەویش گواستنەوەی ئاوی باران و لافاوە بۆ ژێر زەوی، بۆ ئەوەی ئاوی ژێر زەوی زیاد بکات، ئەمەش یەکەم پڕۆژەیە لە ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر جێبەجێ کراوە و تاقیش کرایەوە سەرکەوتنی باشی بەدەست ھێناوە، کە ئەو پڕۆژەیە بە ھاوکاریی (دابین گرووپ) ئەنجام دراوە.

هەورامی گوتیشی: ئەو پڕۆژەیە جگە لەوەی ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات، دەبێتە ھۆی ئەوەی رێگرییش لە دروستبوونی لافاو بکات، چونکە ئەو لافاوەی دروست دەبێت، ئاوەکەی دەگوزارێتەوە بۆ ژێر زەوی، بۆیە دوای ئەوەی لە یەکەم پڕۆژەدا سەرکەوتنمان بەدەست ھێنا، پرۆپۆزەڵمان ئامادە کردووە و چەند شوێنێک لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆکیش دیاری کراون تا پڕۆژەی لەو جۆرەیان لێ جێبەجێ بکەین.

دەشڵێ: ئەمە جۆرێکی نوێی پڕۆژەیە و سوودی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت و سوود لە ئاوی باران وەردەگرین لە وەرزی زستان و بارانباریندا، بۆ ئەوەی ئاوی باران بەفیڕۆ نەچێت و لافاویش رێگریی لێ بکرێت، کە ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان لە زۆر شوێن دروست دەبێت و زیانیشی دەبێت، بۆیە سوودێکی باش لەو پڕۆژانە وەردەگرین.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار