بێبەشبوونی کورد لە حکوومەتی خۆجێیی دیالە مەترسی گەورە دروست دەکات

خانەقین -KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی: بێبەشکردنی کورد لە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی دیالە مەترسی گەورە لەسەر کورد لەو سنوورە دروست دەکات و بۆ کورد دەبێتە ھۆی لەدەستدانی سەرجەم پۆستەکان، ئەمەش دەرەنجامی ئەو تەعریبەیە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەر ئەو ناوچانەدا ھاتووە، بۆیە ئەمە دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کورد لەو سنوورە و پرۆسەی تەعریبیش زیاتر بێت.
ئەکبەر حەیدەرخان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێشتر کورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە حەوت کورسی ھەبوو، سەرۆکی ئەنجوومەن، جێگری پارێزگار، یاریدەدەری پارێزگار، چەندین ڕاوێژکار، چەندین بەڕێوەبەر، قایمقامی خانەقین، بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا، مەندەلی، جەبارە و قەرەتەپەیشی هەبوو، ئێستا کورد لە ئەنجوومەن یەک کورسی هەیە ئەویش عەرەبە، چونکە خانەقین و دیالە، وەک خۆیان باسی دەکەن، بوونەتە قوربانی وەرگرتنی پۆست لە کەرکووک، بۆیە بێبەشبوونی کورد لە حکوومەتی خۆجێیی دەبێتە فاکتەرێک بۆ لاوازبوونی کورد لە سنووری دیالە، بەتایبەت خانەقین ئەگەر ئەو پۆستانەی هەبوون لەدەستیان بدەین، بۆیە ئەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کورد لەو سنوورە.
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتیشی: ئێستا لە ئەنجوومەن، یەک ئەندامی سەر بە کورد ھەیە ئەویش عەرەبە و خەڵکی شارەبانە، بڕوا ناکەم بەرگری لە کورد بکات، ئەمەش ھەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو تەعریبەی کراوە وای کردووە ڕێژەی کورد کەمبێتەوە و عەرەب زیاتر بێت، ئێستاش تەعریب بەردەوامە، لەمەودوا زیاتریش دەبێت، بۆیە ئەگەر بەپێی نەتەوە بێت پێویستە کوردیش ھاوشێوەی نەتەوەی عەرەب پۆستی پێبدرێت، چونکە ئەو شوێنانە ناوچەی کوردستانین و کورد لەو ناوچانە مافی ھەیە، بۆیە مەترسی زۆر گەورە بووە و کاتی ئەوە ھاتووە کورد یەک ھەڵوێست بێت و واز لەحزبایەتی بێنین ئەگەر نا زۆر زیان لە کورد دەدات، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان.
بڵند ئیبراھیم




