بەرەو ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی

ھەولێر-KDP.info- کوردانی ڕەسەن، ئێزدییەکان ١٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنیان تێدەپەڕێت، ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، لە ئابی ٢٠١٤ ڕوویدا، کاتێک داعش ھێرشی کردە سەر ناوچەی شنگال و کۆمەڵکوژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دا، لەم یادەدا چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی چالاکی و بۆنە بۆ یادکردنەوەی قوربانییەکان ڕێکدەخەن، لەم ڕاپۆرتەدا لە چەندین ڕەھەندەوە ڕۆشنایی دەخرێتە سەر پرسی ئێزدییەکان لە ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق و نێودەوڵەتی.
ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال
لە ڕۆژی ٣ـی ئابی ٢٠١٤، داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت، داعش گوندەکانی داگیرکرد و ھەزاران کەسی شەهید کردوو ٦٤١٧ ئێزدییش ڕفێندران، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و سەدان ھەزار کەس ئاوارە بوون و پەنایان بردە بەر چیای شنگال.
تاوانەکان، بریتبوون لە (کوشتنی بە کۆمەڵ، ڕفاندن، فرۆشتنی ژنان و منداڵان، زۆرەملێی گۆڕینی ئایین و وێرانکردنی شوێنە پیرۆزەکان، ھاوکات کۆمەڵگەی ئێزدی تووشی زیانێکی گەورەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوو، زۆربەی ناوچە ئێزدینشینەکان وێرانکران).
ئاوارەبوون
سەرەتای قەیرانەکە، لە ئابی ٢٠١٤، دوای ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال، سەدان ھەزار ئێزدی بە شێوەی لەناکاو ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، زۆربەیان بە پێو لە ڕێگای چیای شنگالەوە و لە ژێر گەرمای زۆر و بێ خۆراک و ئاو ھاتن، زۆربەی ئاوارەکان بە دۆخێکی زۆر خراپی تەندروستی و دەروونییەوە گەیشتنە ھەرێمی کوردستان، دەیان کەس لە ڕێگا بەھۆی برسێتی، تینوێتی و ماندووبوون گیانیان لەدەست دا.
وەڵامدانەوەی ھەرێمی کوردستان:
حکوومەتی ھەرێم بە خێرایی چەندین کەمپی گەورەی بۆ ئاوارەکان کردەوە، بەتایبەتی لە دھۆک و ھەولێر، ھاووڵاتییانی ھەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو بە خۆراک و جل و بەرگ و پێداویستی ھاوکاری ئاوارەکانیان کرد، ژمارەی زۆری ئاوارەکان فشارێکی گەورەی خستە سەر ژێرخانی ھەرێم.
ھاوکاری نێودەوڵەتی:
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک (UNHCR و یونیسێف) ھاتنە ناوچەکە بۆ ھاوکاریکردن، وڵاتانی ڕۆژئاوا ھاوکاری داراییان پێشکەش کرد، بەڵام بەپێی پێویست نەبوو.
کاریگەرییە درێژخایەنەکان:
زۆربەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ لە کەمپەکاندا مانەوە، کێشەی بێکاری و نەبوونی لەنێو ئاوارەکاندا بەرچاو بوو، کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئاوارەکان دروستکرد، تەنیا بەشێک لە ئاوارەکان توانییان لە شارەکانی ھەرێم نیشتەجێ ببن و کار بدۆزنەوە، گرفتی دابینکردنی خوێندن بۆ منداڵی ئاوارەکان، بەڵام بە کێشەی زۆرەوە، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان لە ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە شنگال، نەبوونی ئاسایش و ژێرخانی پێویست لە شنگال، ھۆکاری سەرەکی لە ھەرێم مانەوەی ئاوارەکانە.
کاردانەوەی نێودەوڵەتی:
دوای ئەم ڕووداوە، زۆربەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم کردەوانەیان بە جینۆساید ناساند، ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش پێکھات و یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکان دابینکرا، کۆمەڵگای ئێزدی تووشی زیانێکی گەورەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوو، زۆربەی ناوچە ئێزدینشینەکان وێران کران.
"دە ساڵ دوای جینۆسایدەکە: دۆخی ئێستای ئێزدییەکان و شنگال"
بەشێک لە ئێزدییەکان گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام زۆریان ھێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا دەژین، پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بەھۆی کەمی سەرچاوە و ناسەقامگیری سیاسی بە ھێواشی بەڕێوەدەچێت، ھێشتا ناوچەکە بە تەواوی ئارام نییە، بوونی گروپە چەکدارە جیاوازەکانیش وەک مەترسیییەک لەولاوە بوەستێت، ململانێی نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەسەر کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بەردەوامە.
کاریگەرییەکان
زۆربەی ئێزدییەکان ھێشتا لە کاریگەریی دەروونی جینۆسایدەکە ڕزگاریان نەبووە، ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی دەروونی و پشتگیری کۆمەڵایەتی بەردەوامن، بەڵام ناتوانن ھەموو پێداویستییەکان دابین بکەن.
"بەرەوپێشچوونی پرسی جینۆساید ناساندنی کەیسی ئێزدییەکان"
لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە، پرسی بەجینۆساید ناساندنی کەیسی ئێزیدییەکان چەندین قۆناغی گرنگی بڕیوە:
ناساندنی نێودەوڵەتی:
لە ساڵی ٢٠١٦دا، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا تاوانەکانی داعشی دژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند، پەرلەمانی ئەورووپا، کۆنگرێسی ئەمریکا و چەندین وڵاتی تر بە فەرمیی ئەم کردەوانەیان بە جینۆساید ناساند، تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNITAD) لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دەستی بە کۆکردنەوەی بەڵگە کردووە، تا ئێستا، ھەزاران بەڵگە و شایەتحاڵی کۆکردوەتەوە بۆ پشتگیریکردنی تۆمەتی جینۆساید.
دادگاییکردنی تاوانباران:
لە ئەڵمانیا، یەکەم دادگاییکردنی ئەندامێکی داعش بە تۆمەتی جینۆساید لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام درا و حوکمی تاھەتایی بەسەردا درا، چەندین وڵاتی تر ھەنگاوی یاسایی ھاوشێوەیان ناوە، بەڵام ژمارەی دادگاییەکان ھێشتا سنووردارە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی:
سەرەڕای ناساندنی فەرمی، ھەوڵەکان بۆ لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی ھێشتا سنووردارن، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC) دەسەڵاتی یاسایی لەسەر عێراق نییە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە بۆ دادگاییکردنی نێودەوڵەتی، ھەوڵەکان بۆ دروستکردنی دادگایەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش بەردەوامن.
ڕێککەوتنی شنگال: نێوەڕۆک و ئاستەنگەکانی جێبەجێکردن.
ڕێککەوتنی شنگال ڕێککەوتنێک بوو لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ واژوو کرا، ئامانجی سەرەکی:
ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان.
- دەرکردنی ھەموو گروپە چەکدارەکان لە شنگال.
- دامەزراندنی ھێزێکی ئاسایشی نوێ لە خەڵکی ناوچەکە.
- گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی بۆ فەرمانبەرانی حکوومی.
- ئاسانکاری بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان.
ھۆکارەکانی جێبەجێ نەکردن:
(ناکۆکی سیاسی)
- ناڕەزایەتی بەشێک لە گرووپە سیاسییەکانی ناوچەکە لە ڕێککەوتنەکە.
- ململانێی بەردەوام لە نێوان بەغدا و ھەولێر لەسەر دەسەڵات لە ناوچەکە.
ھاوکات ھەرمان میرزا بەگ، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری ئێزدییەکان دەڵێت: ئێمە وەک نوێنەرانی کۆمەڵگای ئێزدی، جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکەینەوە، ئەم ڕێککەوتنە، سەرەڕای کەموکورتییەکانی، دەرفەتێکە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەکەمان.
ھەرمان میرزا بەگ گوتیشی: پێویستە ھەموو لایەنەکان بە جددی کار لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکەن، ئەمە تەنیا بە قسە نابێت، بەڵکو پێویستی بە کرداری ڕاستەقینە ھەیە، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین زیاتر ھەماھەنگ بن و بەرژەوەندی خەڵکی شنگال لە پێش ھەموو شتێکەوە دابنێن، گرینگە بۆ ھەر ھەنگاوێک پرس بە خەڵکی ناوچەکە بکرێت، ناکرێت چارەنووسی ئێمە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بڕیاری لەسەر بدرێت، پێویستە میکانیزمێکی ڕوون ھەبێت بۆ چۆنیەتی دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان و دامەزراندنی ھێزێکی ئاسایشی نوێ لە خەڵکی ناوچەکە.
ھەرمان لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات: ڕۆڵی چاودێری و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ببینێت، بۆ ئەوەی مافەکانی ئێمە پارێزراو بن، لە کۆتاییدا، ئێمە وەک ئێزدی ئامادەین ھاوکاری ھەر ھەوڵێک بین کە ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکەمان بگەڕێنێتەوە، بەڵام ھەر ڕێککەوتنێک دەبێت ڕێز لە مافە ڕەواکانی ئێمە بگرێت و پارێزگاری لە ناسنامە و کەلتووری ئێمە بکات.
"ئازادکردنی شنگال: ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی"
شنگال بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، داعش کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی کردبوو، سەرۆک بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پلاندانانی ئۆپەراسیۆنێکی بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانان کرد، بەتایبەت ھێزی ئاسمانی ئەمریکا، ئەنجام درا، لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، ئۆپەراسیۆنی ئازادکردن دەستی پێکرد، ھێزەکانی پێشمەرگە سەرەکیترین ھێزی بەشداربووی زەمینی بوون، ستراتیژی سەربازی ئەوەبوو لە چەند قۆڵێکەوە بۆ گەمارۆدانی داعش پێشڕەوی بکرێت، ھێزی ئاسمانی ھاوپەیمانانیش بۆ لێدانی مۆڵگەکانی داعش بە بەشداری ھێزە تایبەتەکانی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکە بەکاربھێنرێت.
ڕۆڵی سەرۆک بارزانی
سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی ئۆپەراسیۆنەکە لە مەیدانی شەڕ، بڕیاردان لەسەر جووڵە سەربازییەکان و ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانان و ھاندانی ھێزەکانی پێشمەرگە و بەرزکردنەوەی ورەیان.
سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆن:
لە ماوەی دوو ڕۆژدا، بەشی زۆری شنگال ئازاد کرا، داعش تووشی زیانێکی گەورە بوو و پاشەکشەی کرد، دەستکەوتی ھێزی ئۆپەراسیۆنیش ئازادکردن و کۆنتڕۆڵکردنی چەندین گوند و ناوچەی ستراتیژی بوو.
کاردانەوەی نێودەوڵەتی:
پێزانینی نێودەوڵەتی بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە و ستایشکردنی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و ھێزەکانی پێشمەرگە.
ئازادکردنی شنگال، گەڕاندنەوەی ھیوا بوو بۆ ئێزدییەکان و شکاندنێکی گەورەی داعش و کەمکردنەوەی ھەیبەتی سەربازییان بوو، ھاوکات کردنەوەی ڕێگا بوو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
ئازادکردنی شنگال لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرکەوتنێکی گرنگ بوو. ئەم ئۆپەراسیۆنە نەک تەنیا گرنگییەکی سەربازی ھەبوو، بەڵکو گرنگییەکی مرۆیی و سیمبولیشی بۆ ئێزیدییەکان و ھەموو قوربانیانی داعش ھەبوو، ھەرچەندە ئازادکردنی شنگال ھەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام ئاڵنگارییەکانی دوای ئازادکردن، وەک ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، ھێشتا بەردەوامن.
پشتیوانی سەرۆکی ھەرێم
ھاوکات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی دوای کۆمەڵکوژی ئێزدییان نووسینگەیەکی تایبەت بە ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی دروست کرد، ئەم بڕیارە نیشانەی گرینگیدانی ھەرێمە بە دۆزی ئێزدییەکان و ڕفێنراوەکانیان، چونکە دامەزراندنی نووسینگەیەکی تایبەت دەتوانێت ھەماھەنگی نێوان لایەنە جیاوازەکان باشتر بکات بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراوەکان.
ئێستا زیاتر لە ٣ ھەزار کەسی ئێزدی بە ھۆی ئەو نووسینگەیەوە ڕزگار کراوان، ھاوکات سەرۆکی ھەرێم دڵنیایی بە ئێزدییان داوە ھەتا یەک کەسی ئێزدی لە دەست داعش مابێت ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت لە ڕزگارکردنیان و پشتیوانی دۆخی ئێزدییان دەکات.
پاڵپشتی و خەمخۆری حکوومەت
"حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی بەرفراوانی ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکات"
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی چەند بڕیارێکی گرنگی بۆ پاڵپشتی ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیاند، لەوانە پاڵپشتی دارایی، گەڕاندنەوە بۆ خوێندن و کردنەوەی سەنتەری چارەسەری دەروونی.
١. پاڵپشتی دارایی:
- زیاتر لە ٣ ھەزار ڕزگاربووی دەستی داعش پاڵپشتی دارایی دەکرێن.
- ئەم ھەنگاوە یارمەتی ڕزگاربووەکان دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی.
٢. گەڕاندنەوە بۆ خوێندن:
- بڕیار دراوە ڕزگاربووەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ خوێندن.
- ئەمەش دەرفەتی پەروەردە و گەشەکردن بۆ قوربانیان دەڕەخسێنێت.
- ھاوکاری داراییان بۆ دەڕەخسێندرێت ئەگەر لە پەیمانگە ئەھلی و حکوومییەکان بخوێنن.
٣. کردنەوەی سەنتەری چارەسەری دەروونی:
- پلان ھەیە بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەت بۆ چارەسەری دەروونی ڕزگاربووەکان.
- ئەم سەنتەرە یارمەتی قوربانیان دەدات بۆ تێپەڕاندنی کاریگەرییە دەروونییەکانی ئەشکەنجە و ڕفاندن.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی گوتی: "ئێمە پابەندین بە پاڵپشتیکردنی تەواوی ڕزگاربووانی دەستی داعش، ئەم ھەنگاوانە بەشێکن لە پلانێکی فراوان بۆ یارمەتیدانیان لە گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی و بنیاتنانەوەی داھاتوویان."
ئێزدییەکانیش دەڵێن: "ئەم ھەنگاوانە نیشانەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمن بە دۆزی ڕزگاربووان."
ئەم ھەنگاوانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی گرینگن بۆ یارمەتیدانی ڕزگاربووانی دەستی داعش. سەرکەوتنی ئەم پڕۆژانە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی ھەزاران کەس و خێزانەکانیان ھەبێت. ھەروەھا، ئەمە دەتوانێت ببێتە نموونەیەک بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوربانیانی توندوتیژی و جەنگ لە ناوچەکە.
جوگرافیایی شنگال:
شنگال دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای عێراق، لە پارێزگای نەینەوایە لە نزیک سنووری سووریا، چیای شنگال بەشی سەرەکی ناوچەکەیە، درێژی چیاکە نزیکەی ٧٠ کیلۆمەترە و بەرزاییەکەی دەگاتە ١٤٦٣ مەتر، دەشت لە دەوروبەری چیاکە بڵاوبوونەتەوە.
گرینگی ستراتیژی: دەکەوێتە نێوان مووسڵ و سنووری سووریا، ڕێگای بازرگانی کۆنی نێوان عێراق و سووریا بەم ناوچەیەدا تێپەڕیوە، زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە ئێزدین، شاری شنگال (ناوەندی قەزاکە) لە باشووری چیاکەیە، چەندین گوندی بچووک لە دەوروبەری چیاکە و لە دەشتەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
کاروان باعەدری




