٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەمەودوا لە ھەموو کۆلێژە سەربازییەکانی عێراق کورد پشکی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق گوتی: بە ھەوڵی سوپاسالاری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەمەودوا کورد لە ھەموو کۆلێژە سەربازییەکانی عێراق پشکی دەبێت کە ئەمە پێشتر نەبووە و ئێستا ئەو بڕیارە دەرچووە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە عێرا ق بڕیار دراوە لە ھەموو کۆلێژەکانی سەربازی بەشێک لە قوتابیانی کورد وەربگیرێن کە لە کۆلیژی پۆلیس و سەربازی یەک و دوو لەگەڵ کۆلێژی بەرگری نیشتمانی و سەرۆکایەتی ئەرکان پێکدێن، شایانی باسە ئەمە یەکەم جارە ٢٠ قوتابی کورد لەو کۆلێژە وەربگیرێ، بۆیە ھەر کۆلیژێک ھەبێت قوتابی وەربگرێت پشکی کوردی بەپێی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان تێدا دیاری دەکرێت.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: پێشتر لە عێراق ئەو بڕیارە نەبوو، بەڵام بە ھەوڵی سەرەکی فەریق عیسا عوزێر سوپاسالاری پێشمەرگە، توانرا ئەو بڕیارە بدرێت،  لەمەودوا ساڵانە لە ھەموو کۆلێژە سەربازییەکان ڕێژەیەک لە قوتابییانی کورد وەردەگیرێن، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە و دەستکەوتێکی باشە بۆ ئەوەی کوردیش لە ھەموو جومگەکانی سەربازی هەبێت.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار