حزبی زەحمەتکێشان: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئومێدی قۆناغێکی نوێیە

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە ھۆی پێگەی سەرۆک بارزانی و پەیوەندی و ئەزموونی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا لەو قۆناغە گرینگی خۆی ھەیە، گوتیشی: پێویستە دەستوور بکرێتە پێوەر بۆ چارەکردنی کێشەکان.
بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕەوشی عێراق بە گشتی و ڕەوشی ھەرێمی کوردستان و ئەو کێشانەی لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی ھەرێم دەبنەوە لەسەر کۆمەڵێک پرس، دوای چەندین جار سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەردانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، کێشەکان بەرەو چارەسەر چوونەتە پێش، بەڵام کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور چارە نەکراون، لەبەر ئەوەش سەردانی کاک مەسعوود بارزانی بۆ بەغدا لەو دۆخەی ئێستادا بە ھۆی پێگە و ئەزموونی لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکاندا، گرینگی تایبەتی خۆی ھەیە و دەتوانێت لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی ئەو کێشانە بە لایەکدا بخرێن و بنەماکانی دەستوور بکرێنە پێوەر بۆ چارەکردنی کێشەکان.
سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەشڵێت: سەردانەکە ھەم بۆ ڕەوشی عێراق و ھەم بۆ ڕەوشی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان ھەرێم لەگەڵ بەغدا گرنگە، چونکە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا سەرەڕای بەرەوپێشچوون یەکلا نەکراونەتەوە و پێویستییان بە چارەی بنەڕەتی ھەیە.
عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: چەندین کێشە ھەن لە نێوان ھەردوولا وەک پرسی بودجە و کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەو پاکێجە لێکتێگەیشتنەی بۆ پێکھێنانی کابینەی سوودانی لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتن کە تا ئێستا پابەندییەکان وەک پێویست نین، بۆیە ھیوادارین سەردانەکە ببێتە قۆناغێکی نوێی چارەکردنی کێشەکان.
قائید میرۆ




