٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فڕاکسیۆنی پارتی و وەزیری خوێندنی باڵای عێراق کۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- لە دیداری نێوان سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیری خوێندنی باڵای عێراقدا، جەخت لە هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان زانکۆکانی عێراق و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هاوکاریی نێوان ئەو زانکۆیانە لە بوارە جیاجیاکاندا کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (د. ڤیان سەبری)، سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی کرد و لەلایەن د. نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵای عێراقەوە پێشوازیی لێ کرا.

شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی فڕاکسیۆن بوو، کە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتار (د. نەهلە ئەفەندی) ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پڕۆفیسۆر (د. منهل ئیلهام عەبدال)، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و، پرۆفیسۆری یاریدەدەر (د. سەمیر مەحو جەمیل) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و دکتۆرە (نارین عەبدولڕەحمان ڕەشید) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و (بەختیار حاجی) بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.

لە میانی دیدارەکەدا، پرسی دانپێدانانی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان لەلایەن وەزارەتەوە تاووتوێ کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان زانکۆکانی عێراق و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هاوکاریی نێوان ئەو زانکۆیانە لە بوارە جیاجیاکاندا.

وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ناساندنی زانکۆکە وەک یەکەم زانکۆی زانستە کردارییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها شاندێک لە وەزارەتەوە دەنێرێت بۆ زانکۆکە بۆ پێداچوونەوە بە تایبەتمەندی و بڕوانامەکانیان بە ڕێکوپێکی بۆ مەبەستی دانپێدانانی.

 

هەواڵی پەیوەندیدار