٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان بەنیازە لەو ماوەیە سێ پرسی گرنگ یەکلایی بکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پەرلەمانی عێراق بڕیارە لەو ماوەیە سێ پرسی گرنگ یەکلایی بکاتەوە، ئەوانیش ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن و پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەیە، بۆیە پەرلەمان وەرگرتنی پشووی خۆی بۆ ماوەی مانگێک دواخستووە.

دکتۆر محمد سدیق خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دوو تەوەر کۆدەبێتەوە، یەکەمیان پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە، ھیوادارین یەکلایی بکرێتەوە کە شەش مانگ زیاترە چاوەڕێ دەکرێت یەکلایی بکرێتەوە، پێشتر دانیشتنێک کرا بەڵام ھیچ کاندیدێک نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەست بێنێت، لە دانیشتنی دووەم گرفتێک لە نێوان سوننەکان دروست بوو بۆیە کۆبوونەوە دواخرا و تا ئێستا بەو شێوەیە گفتوگۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، حزبی تەقەدوم کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات سووربوون لەسەر ئەوەی کاندیدی ئەوان ببێتە سەرۆکی پەرلەمان بەڵام ئێستا ئەوان کاندیدیان نییە و لەگەڵ لایەنێکی سوننە ڕێککەوتوون (سەدارە مەحمود مەشھەدانیان) کاندید کردووە، ھەوڵدەدەن ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، بەرامبەریشیان سالم عیساویییە، ھیوادارین ئەو ھەڵبژاردنە بکرێت و سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێرن، چونکە زۆر بڕیاری گرنگ لەسەر سەرۆکی پەرلەمان وەستاون.


دکتۆر محەمەد سدیق خۆشناو گوتیشی: کۆمسیۆن مانگی حەوت کارەکانیان تەواو دەبێت و کاتیان بۆ درێژنەکرێتەوە ناتوانن ھەڵبژادرنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن، بۆیە بڕیارە شەش مانگیان بۆ درێژبکرێتەوە، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، ئەمجارە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و گفتوگۆی تێدا دەکرێت، ھیوادارین ماوەکەی درێژبکرێتەوە و ھەردوو پرس یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو دووپرسە بەجیا دانیشتنی بۆ ئەنجامبدرێت، بۆیە گەر جیابکرێتەوە دانیشتن بۆ ھەردوو پرس بەجیا دەکرێت، بۆیە لەبەرژوەندی ھەموو لایەکدایە ماوەی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەببەن.


خۆشناو باسی لەوەش کرد: پشووی پەرلەمان پێویست بوو لە ٩/٥دەست پێبکات، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان بەوەکالەت پشووەکەی بۆ ماوەی مانگێک دواخست، بۆ ئەوەی چاوەڕێی حکوومەت بکەین تا خشتەکانی بودجە بۆ پەرلەمان ڕەوانە بکات و پەسەند بکرێت،  چونکە سەرۆکی پەرلەمان بەوەکالەت باسی لەوە کرد حکوومەت کاری لەسەر دەکات و چاوەڕێ دەکەین بگاتە پەرلەمان، بۆیە ئەگەر بێتە پەرلەمان ئەوکات پەرلەمان ناتوانی پشوو وەربگرێت تاوەکو پەسەندی دەکات.


بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار