حەواس عەگید بۆ KDP: سەرۆک بارزانی ھیوای کوردانە
ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- نوێنەری ئەنەکەسە لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دیپلۆماسیی بەرەی ئاشتی و ئازادی دەڵێت، پەیەدە ھەمان ھەڵەی ڕژێمی سووریای کرد و تاکلایەنە حوکمی کرد، نەشیھێشت ھیچ لایەنێک ببێتە ھاوبەشی سیاسی، بۆیە حاڵی کورد لە ڕۆژئاوا وای بەسەر ھات و ئێستاش ھیچ ھاوبەشێک قبووڵ ناکات.
حەواس عەگید، لە کورتە ھەڤپەیڤینێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: "دەبووایە حوکمڕانانی ڕۆژئاوای کوردستان سوود لە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان وەربگرن و ھاوبەشی سیاسییان قبووڵ کردبا، بەڵام نەیانکرد و پەیەدە نەیھێشت یەکھەڵویستیی کورد لە سووریا دروست ببێت و ھەموو ڕێککەوتنێکیان پێشێل کرد".
عەگید ڕوونیشیکردەوە: "دەرگامان بۆ ھەموو نزیکبوونەوەیەک کراوەیە و ئێستا ئەنەکەسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشکدارە بۆ چارەسەری سیاسی بەپێی بڕیاری ٢٢٥٤ لە سووریا، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەی کوردە، چونکە توانیمان دۆزی کورد لە سووریای داھاتوودا بناسێنین".
ناوبراو گوتیشی: "ئەگەر کورد یەکگرتوو بوونایە، دەمانتوانی کاری باشتر بۆ خەڵک بکەین، بەڵام بە ھۆی سیاسەتی چەوتی پەیەدەوە خەڵک کۆچبەر بووە و چەندین شار و شارۆچکەی کوردی لە دەست دراون".
دەشڵێ: "ھەمیشە سەرۆک بارزانی کاری بۆ کوردانی ڕۆژئاوا کردووە و ئێستا و داھاتووش دەیکات، ھەر چوار پارچەی کوردستانیش پێویستی بە سەرۆک بارزانییە وەک سەرۆک و مەرجەعی کورد، کە جێگای ڕێزگرتنە لای ھەموو کوردان و ھیوای کوردانە، ئێمە وەک ھەمیشە پێویستمان بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی سەرۆک بارزانی ھەیە و لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام دەبین".
کاروان باعەدری




