سەرۆکی دەستە بۆ KDP: لە شنگالهوه تا زرباتیە و مەندەلی مەترسییان لەسەرە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دهڵێ، لە شنگال تا زرباتیە و مەندەلی مەترسی لەسەر ناوچە کوردستانییەکان ھەیە و دەشڵێت، لەبەر خاڵی ناکۆکی لەسەر کەرکووک، زیاتر فشارەکان لەسەر کەرکووکن و لە ھەندێک ناوچەش سوپا لە بەرژەوەندیی عەرەبی ھاوردە دەست لە کێشەکان وەردەدات.
فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو ئەو ناوچە کوردستانیانەی دەکەونە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەترسییان لەسەرە و لە شنگال تا زرباتیە و مەندەلی و سەعدییە و جەلەولا، بە ڕێژەی جیاواز لە ھەندێ ناوچە سیمای کوردبوون بەرەو لاوازبوونە، ئەو ڕەوشەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، پەیوەندی بەو فەرمانڕەوایە ھەیە کە حوکمی عێراق دەکات، چونکە ئەوانەی حوکمی عێراق دەکەن ڕوئیای ڕوونیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێمە لەو ناوچانەدا نییە".
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەشڵێت: "ئێمە ڕێککەوتنی پێکھێنانی حکوومەتمان ھەیە لەگەڵ سوودانی، بەڕێز سوودانیش ھەندێ جیاوازیی ھەیە لەگەڵ ئەوانەی پێشتر، بەڵام ھەر نەیکردووەتە ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، بە دیدی ئێمە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، گەرەنتیی چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشانەیە لە ناوچە کوردستانییەکان".
بورھان گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێم و دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان بە دوو ئاراستە کاریان کردووە، یەکەم لەگەڵ حکوومەت و دەسەڵاتدارانی بەغدا بەردەوام لە دانوستانداین، بە تایبەتی لەگەڵ ئەوانەی خاوەن بڕیارن و ئەوانەی پەیوەندیدارن بە کێشەی ناوچە کوردستانییەکان و ماددەی ١٤٠ی دەستوور، خاڵی دووەمی کارکردنی ئێمە لەگەڵ ھێز و لایەنە کوردییەکانە، بۆ ئەوەی بە یەک گوتار و یەک ھەڵوێست لەو ناوچانەدا کار بکەین، کارکردنی ئێمەش ڕۆژانەیە، چونکە کێشەکانیش بوونەتە ڕۆژانە و ھەندێک جار کێشە بۆ برایانی تورکمانیش دروست دەبێت و دێنە لای ئێمە بۆ چارەسەرکردن".
ناوبراو باس لەو کێشانە دەکات کە زیاتر دروست دەبن و دەڵێت: "کێشەی زەویوزار بە پلەی یەکەم دێت و زۆر جار سوپای عێراق لە بەرژەوەندیی عەرەبی ھاوردە دەستوەردانی ھەیە، کێشەی دووەم نەبوونی سەقامگیرییە لە ناوچە کوردستانییەکاندا، واتا ھێزە ئەمنی و سەربازییەکان ئەمنیەتی ئەو ناوچانە ناپارێزن، ئەوەیش وای کردووە خەڵک بە ھۆی نەبوونی سەقامگیری نهگەڕێتەوە سەر زەویوزاری خۆی، کێشەیەکی دیکەش ھەیە، لەناو شارەکان جیاوازی زۆر دەکرێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری لەنێوان گەڕەکە کوردییەکان و ئەوانی دیکە، بەداخەوە حکوومەتی خۆجێی کەرکووکیش پێک نەھاتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
پەیوەست بە کەرکووکیش، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئاشکرای کرد: "بە درێژایی مێژوو کەرکووک خاڵی ناکۆکیی نێوان کورد و عێراق بووە، لەبەر ئەوەش فشارەکان زیاتر بۆ سەر کەرکووکن، لە گەڕەکی نەورۆز ھێز چووەتە نێو چەند خانوویەک و کێشەی ژمارەیەک خانووی دیکە چارەسەر نەکراوە، لە ناوچەکانی دیکەش بۆ نموونە لە زوممار و ھەندێ ناوچەی سەر بە شێخان و دەشتی نەینەوا، ھەتا فەرمانگەکانی حکوومەت نەگەڕاونەتەوە تا خەڵکی بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەداخەوە ڕەوشی ئەو ناوچانە، ڕەوشێک نییە ئێمە چاوەڕێی ئەوە بکەین پێکەوەژیانێکی ڕاستەقینە دروست ببێت".
قائید میرۆ




