خوێندنی باڵا داوای لیستی ناوی سێ یەکەمە دانهمهزراوەکانی زانكۆ و پهیمانگاكان دەکات

ههولێر-KDP.info- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان مەسروور بارزانی بۆ داواکردنی تەرخانکردنی دارایی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمە دانهمهزراوەکانی زانكۆ و پهیمانگاكانی ههرێمی كوردستان، داوای لیستی ناو و زانیاریییەکان لە تۆماری زانکۆکان دەکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە نووسراوی ژمارە (8538) لە (8ـی ئایاری 2024) داوای لە گشت زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، لە ماوەی پێنج ڕۆژی کارکردندا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەرچووانی ساڵانی (2017-2018) تاوەکوو (2022-2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەت بنێرن.
نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاماژەی بە نووسراوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بە مەبەستی چارەسەرکردنی بابەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کە بە ژمارە (1928) لە (25ـی نیسانی 2024) بۆ ئەو مەبەستە دەریکردووە.
هەر بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی نووسراوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، داوای لە هەموو بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانکۆکان کردووە، ڕۆژی یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) لە دیوانی وەزارەت ئامادەبن بۆ کۆبوونەوە.




