٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ناوچە کوردستانییەکان حەوت نەخۆشخانەی گشتی دروست دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.inf- سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، چەند نەخۆشخانەیەکی گشتی لە ناوچە کوردستانییەکان چوونەتە بواری جێبەجێکردن. دەشڵێت: لە مەخموور و شێخان و ناوچەی دیکەش نەخۆشخانەی گشتی دروست دەکرێن.

د.ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ھەوڵێکی زۆر بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک نەخۆشخانەی گشتی کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن، لەوانە دروستکردنی دوو نەخۆشخانەی سەد تەختی لە باشیک و لە تلکێف، بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا نەخۆشخانەی سەد تەختی شنگالیش بچێتە بواری جێبەجێکردن، لە ناحیەی زومماریش نەخۆشخانەیەکی پەنجا تەختی چووەتە بواری جێبەجێکردن.

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی گوتیشی: بڕیارە لە قەزای شێخان، قەزای مەخموور و ناحیەی گوێڕیش نەخۆشخانەی گشتی دروست بکرێن، هەوڵ دەدەین ئەوەی شێخان و مەخموور سەد تەختی بن چونکە ئەو ناوچانە پێویستیان بە نەخۆشخانەی گشتی ھەیە.

د.ماجد شنگالی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە ھەموو ناوچە کوردستانییەکان بنکەی تەندروستی کراوەتەوە، ئەو شوێنانەی زۆر پێویستن سەنتەری قەزا و ناحیەن نەخۆشخانەی گشتییان بۆ دروست دەکرێت.

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار