خانی زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوهكان و زیانه کشتوکاڵیهكانی بۆ KDP ئاشكرا دهكات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بارانی ئێستا زیانی بۆ کشتوکاڵ و ھەندێ پڕۆژە ھەیە دەشڵێ، ئەمساڵ یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو زیاترە لە ساڵی رابردوو.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان و کۆگاکردنی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بارانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کاریگەری ھەبووە لەسەر زیادبوونی ئاستی ئاو لە بەنداو و کۆگاکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەک یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو زیاترە لە ساڵی ڕابردوو، ھەرچەند بارانی ئەمجارە بۆ بەنداوەکان باشبێت، بەڵام بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ھەندێ پڕۆژە زیانی ھەیە".
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان گوتیشی: "سەرەڕای زۆری بارانی ئەمساڵ ھێشتا ھەندێ بەنداوی گەورە وەک دووکان و دھۆک سەر ڕێژیان نەکردووە، بەڵام ئەوەندەشیان نەماوە سەر ڕێژی بکەن".
لەبارەی بهنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی باس لەوەدەکات: "ئێمە بەپێی پلانی خۆمان ئاومان بەرداوەتهوه لە دەربەندیخان، ئەگەر بیگرینەوە سەر ڕێژ دەبێت، بەڵام پێمان باشبوو ئاوەکە بەردەین و دەچێتە سەر رووباری سیروان، ھاوکات ڕەوشی بەنداوەکان بە گەورە و بچووکەوە باشترە لە ساڵی ڕابردوو ھەندێ، بهڵام ههندێ بەنداو ھەیە چەندی باران ببارێت توانای کۆگاکردنی ھەیە".
قائید میرۆ




