٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاژگەیی بۆ KDP: فەرمانگەی پەیوەندییەکان پلانی ھەیە پەیوەندییەکانی فراوانتر بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەلجیکا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، پەیوەندییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا لەگەڵ کوردستان ئێستا و ساڵانی ڕابردوو بەراورد بکەین، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و دەوڵەتانی ئەوروپا پێیان وتووین ھەرێمی کوردستان بە تەنیا نیە.

دکتۆر دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەیوەندییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا لەگەڵ کوردستان ئێستا و ساڵانی ڕابردوو بەراورد بکەین، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا ھەیە وەک دامەزراوەیەکی گرنگی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا به‌ نموونە فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، پۆڵەندا، ھۆڵەندا و ئیتاڵیا، کە کوردستان پەیوەندی دوو لایەنەی بەھێزی لەگەڵیان ھەیە".

دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: "کاتێک ھێرش و مەترسی دێتە سەر کوردستان و بڕیاردان لەباره‌ی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتان ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان گفتووگۆ دەکەن و ڕای کوردستان لەسەر بڕیارەکانیان وەردەگرن، ھەرێم ئێستا ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە ناوچەکە و ھەڵکەوتەی جۆپۆلیتیکی گرنگە، سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی سیاسەتی متمانەکراوی کوردستانە لە ناوچەکە".

ئاژگەیی پێشی وایە: "کوردستان ئێستا لە قۆناخی زێڕینی پەیوەندی دیبلۆماسیە لەگەڵ دەوڵەتانی جیھان، ئیدانە و ڕاگەیەندراوەکانی دەوڵەتان لەکاتی بۆردوومانی سەر کوردستان، تەنیا لەسەر ئاستی کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانیان نییە، لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵات و وەزیری دەرەوەیان بووە، ھاوکات بەرپرسی سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا پۆستێکی گرنگە و ئه‌وان پاڵپشتی خۆیان بۆ کوردستان دووپات کردووەتەوە و پێیان وتووین لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی تر، باسیان لە گرنگی کوردستان کردووە كه‌ پێویستە ئاسایش و ئەمنیەتی پارێزراوبێت، بۆیە پێمان دەڵێن کوردستانیان لا گرنگە".

ناوبراو دەشڵێت: "دەوڵەتانی ئەوروپا پێیان وتووین ھەرێمی کوردستان بە تەنیا نیە و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەردەوامە و بەھێزتریشی دەکەین، بوونی پەیوەندیەکی بەھێزی نێودەوڵەتیش ھاوکار و پاڵپشت بووە لە زۆرێک لە مەترسیەکان پارێزراوبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پلانی ھەیە پەیوەندییەکانی بەھێزتر و فراوانتر بکات، چونكه‌ ئێمە بەشێکی گرنگین لە ستراتیژی دەوڵەتان لە ناوچەکە بۆ ئێستا و ئایندەش کوردستانێکی بەھێز بۆئه‌وان گرنگە، ئەوانیش پشتیوانی لە کوردستان دەکەن وەک خۆیان پێیان وتووین، بەڵام دەبێت ئێمە یەکەم پشت بەخۆمان ببەستین ئەوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی".

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار