وەزیری تەندروستی: ھەڵمەتەکە دەستی پێکردووە.. داوا لە دایک و باوکان دەکەین ھاوکارمان بن
ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزیری تەندروستی عێراق بەشداری لە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشییەکانی منداڵان لە ھەولێر دەکات و ھەڵمەتەکانی کوتانی قوتابیانیش بەسەردەکاتەوە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو وەزیری تەندروستی عێراق "د.ساڵح حەسناوی" بەمەبەستی چەند چالاکییەکی زانستی و ئەکادیمی وەکو سەرۆکی بۆردی عەرەبی گەیشتە شاری ھەولێر".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "سەردانەکەی وەزیری تەندروستی، وەکو سەرۆکی بۆردی عەرەبی بۆ بەشداربوون لە بەدەست ھێنانی چەند پسپۆڕییەکی تەندروستی دەروونی، ھەروەھا بۆ بەشداربوون و بەسەرکردنەوەی ھەڵمەتی کوتان، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە ھەڵمەتەکە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیرەکەی تەندروستی عێراق بەشدار دەبێت لە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشییەکانی منداڵان، ھەروەھا لەگەڵ تیمی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستانیش کۆدەبێتەوە.
وەزیری تەندروستی گوتیشی: "ھەڵمەتەکە لە ١٦ـی نیسان دەستی پێکردووە، کە چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە، داوا لەدایک و باوکان دەکەین ھاوکارمان بن، چونکە ئەو ھەڵمەتە لە بەرژەوەندی منداڵەکانیان و تەندروستی گشتییە، کە پێکوتەکە سورێژەی تێکەڵاوە و بۆ بەرگری لەشە، ئەمەش بۆ ئەوەیە تاوەکو بەردەوام بین لە کۆنتڕۆڵکردنی سورێژە".
سامان بەرزنجی دەشڵێت: "ھەڵمەتەکە منداڵانی تەمەن چوار ساڵی تا دوا قۆناغی بنەڕەتی دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی وەزیری پەروەردە دەکەم کە ھەماھەنگ بووە لەگەڵ بەرنامەکانی تەندروستی".




