عەدالەت عومەر: ئەنفال گەورەترین تاوانی سەدەی بیست بوو
__2024_04_14_h15m50s4__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info_ نووسەر و لێکۆڵەرێکی بواری ئەنفال پێی وایە تاوانی ئەنفال گەورەترین تاوانی سەدەی ڕابردوو بووە و دەشڵێ: لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی تاوانی ئەنفالدا ٢٨٥ جار چەکی کیمیایی بەکارھاتووە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی ئەنفال دۆزراونەتەوە.
شاڵاوەکانی ئەنفال، لە ھەشت قۆناغدا جێبەجێکرا و چوارھەزار و ٥٠٠ گوند خاپوور کران، ٢٨٥ جار لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا ناوچەکانی باشووری کوردستان کیمیاباران کران، پرۆسەی کیمیاباران لە ساڵی ١٩٨٣دا دەستیپێکرد بە بەردەوامی تا ساڵی ١٩٨٨ی خایاند، خەڵکی زۆریش ئاوارە و دەربەدەر بوون، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق زیاتر لە ٣٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی ئەنفال دۆزراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا تەنیا ١٢ گۆڕی بەکۆمەڵ ھەڵدراونەتەوە و سێ ھەزار و ٧٨٧ روفات گەڕێندراونەتەوە خاکی کوردستان.
ئەو لێکۆڵەرەی ئەنفال گوتیشی: ئەنفال تاوانێکی زۆر بێوێنە و دڕندانەی ڕژێمی بەعس بووە و گەورەترین تاوانی سەدەی ڕابردووە، کەیسی ئەنفال چووە نێو پرۆسەی دادگاییکردن لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ٦ کەیسی جینۆساید ھەیە و چواریان بڕیاری کۆتاییان وەرگرتووە، بەڵام دوو کەیس هێشتان بڕیاریان لەسەر نەدراوە و ڕەوانە نەکراوە.
عەدالەت عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: کورد لەماوەی ٣٥ ساڵی حوکمی بەعسییەکان و سەدام حوسێندا ڕووبەڕووی چەندین تاوانی دژە مرۆڤایەتی بووەتەوە، ئەوەی ڕوویدا تاوانی سەدەبوو ناوی پرۆسەکە ئەنفال بوو، پرۆسەی ئەنفال ھەموو کوردستانی گرتەوە و بە ھەشت قۆناغ جێ بەجێکرا.
قائید میرۆ




