سیپان شێروانی: پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا دەکرێتەوە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لە ماوەکانی داھاتوو پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا دەکرێتەوە و دەشڵێ: نەبوونی سەرۆکی پەرلەمان کاریگەری لەسەر ئەدای پەرلەمان ھەبووە.
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: عەرەبی سوننە بوونەتە چەند بەرەیەک و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک، بەڵام پێشبینی دەکەین لە ڕۆژانی داھاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دیاری کردنی بەربژێری پۆستی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە، چونکە ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە و ھێشتا سەرۆکی پەرلەمان دیاری نەکراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێ: بەشێک لە سوننە داوای ھەمواری ھەندێ بڕگە و ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەکەن، ئەگەر ئەوەش ڕووبدات ھیچ بەربژێرێکی دیکە وەرناگیرێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێم وایە ئەگەر لە ڕابردووش گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام بدرایە ئەوە یەکلا دەبوویەوە.
سیپان شێروانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: نەبوونی سەرۆکی پەرلەمان کاریگەری لەسەر ئەدای پەرلەمان ھەیە و ھەموومان ھەست بەو بۆشاییە دەکەین، بێگومان ئەگەر پەرلەمانی عێراق سەرۆکی خۆی ھەبوایە باشتر دەبوو لە ئێستا، واتە بۆشایی سەرۆکی پەرلەمان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کارەکانی پەرلەمان ھەیە و پێکھاتەیەکی سەرەکی عێراقیش کە عەرەبی سوننەیە بێبەش کراوە.
قائید میرۆ




