٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەمال محەممەد: لەبارەی تێچووی دەرهێنانی نەوت لەگەڵ به‌غدا گەیشتوویەنەتە رێککەوتن

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) رایدەگەیەنێت، سەدا 80ـی بڕیارەکانی دادگای نێوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن. دەشڵێت، "لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا هەزار و 90 مێگاواتی کارەبامان زیادکردووە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، شەش وێستگەی گەڕۆکی کارەبا لە سنووری پارێزگای دهۆک کرانەوە.

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکە، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە 9 ملیار و 300 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە و لە ماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواوبوون. وەکو خۆی گوتی، "هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆک سوودێکی زۆر لەم پڕۆژەیە دەبینن بەتایبەت لە بواری دابەشکردنی کارەبا. هاوکات ئەو بارگرانییەی لەسەر وێستگەکانی کارەبای دهۆک هەبووە کەمدەبێتەوە و کێشەی دابەزینی ڤۆڵتیش چارەسەر دەبێت".

بە گوتەی وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرەوپێشچوونێکی باش لە چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە غازی ماڵان، نەوتی سپی و بەنزین هەبووە. لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، زۆرینەی کێشەی هاووڵاتییان لە سنووری ئەم پارێزگایە چارەسەرکراون، هەندێکی دیکەشیان پێویستییان بە کات هەیە".

دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، "لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا کە کابینەی خزمەتگوزارییە، هەزار و 90 مێگاواتی کارەبامان زیادکردووە و، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا 250 مێگاواتی دیکەی کارەبا زیاددەکرێن".

وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح ئاماژەی پێ دا، "لەگەڵ زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا، ژمارەی بەشداربووان و خواستی سەر کارەباش زیاد بووە. لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هاەرێمی کوردستاندا 408 هەزار بەشداربووی کارەبا زیادبوون".

لەبارەی سیستەمی پریپەیدی کارەبا، کەمال محەممەد ساڵح گوتی، "شەش پڕۆژەمان بە شێوەی تێست لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بۆ سیستەمی پریپەید جێبەجێکردوون. سیستەمەکە هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و خواستی کارەبای سەدا 40 کەمکردووەتەوە".

کەمال محەممەد ساڵح کە هاوکات بە وەکالەت وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "لەگەڵ بەغدا لێکتێگەییشتنی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە و هیوادارین لە ماوەیەکی کەمدا ئەو کێشانە چارەسەربکرێن".

بە گوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، "بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێنج بابەت لە خۆ دەگرێت؛ چواریان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوون. ئیدارەدان، دەرهێنان، گواستنەوە و کۆگاکردنی نەوتەکە لە دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، تەنها فرۆشتنی نەوتەکە لە دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراقە کە دەبێت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت".

وەکو ئەوەی کەمال محەممەد ساڵح خستیەڕوو، "سەدا 80ـی بڕیارەکانی دادگای پاریس لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بووە. کێشەمان نییە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێت و داهاتەکەی بچێتە گەنجیەنەی حکوومەتی عێراق، بەڵام دەبێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێن".

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "لەبارەی تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق گەیشتوویەنەتە رێککەوتن. پێشتر حکوومەتی فیدراڵی بڕیاریدابوو، بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی هەشت هەزار و 900 دینار بداتە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام دوای پێکهێنانی دوو لیژنە، بڕیاردرا ئەو بڕە پارەیە بۆ 20.61 هەزار دینار بەرزبکریتەوە".

کەمال محەممەد ساڵح جەختی لەوە کردەوە، زۆرینەی کێشەکانی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکراون، "تەنها کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتەکە ماوە، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئامادەین نەوتەکە هەناردەبکەینەوە".

هەواڵی پەیوەندیدار