سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ سیناتۆر كریس ڤان هۆڵن كۆ دەبێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێناتۆر کریس ڤان هۆڵن کۆبووەوە و ئەو سێناتۆرە ئەمەریکییە پشتیوانیی خۆی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
رۆژی پێنجشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ سێناتۆر کریس ڤان هۆڵن، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا کۆبووەوە.
سێناتۆر هۆڵن ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگیی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و پشتیوانیی خۆی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ دۆستایەتیی و هاوکاری و پشتیوانیی ئەمەریکا دەربڕی و دووپاتی لە گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و مافی پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە کردەوە و داوای کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ڕێگە نەدات مافی پێکهاتەکانی کوردستان پێشێل بکرێت.




