٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.خەلیل غازی: لە مانگی داھاتوو مووچە و شایستە داراییەکان ڕەوانە دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ناردنی مووچەی مانگی شوبات پەیوەستە بە ڕەوانەکردنی لیستی مووچە لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ دارایی عێراق، دەشڵێ: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەزیر و لیژنەی دارایی جەخت لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران کرایەوە.

د.خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەزیری دارایی فیدڕاڵ و لیژنەی دارایی پەرلەمان جەخت کرایەوە لەمەودوا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە دابین دەکرێت، جگە لە مووچەش ھەموو شایستەکانی دیکەی ھەرێم ڕەوانە دەکرێن، وەک مووچەی خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی، پێویستە ھەرێمی کوردستانیش لیستی مووچەی فەرمانبەران بداتە وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەش تەنیا بۆ ناردنی مووچەی مانگی شوباتە لەسەر بنەمای لیستی فەرمانبەران مووچەی ئەم مانگە ڕەوانە دەکرێت.

لەبارەی مانگی ئادارەوە ئەندامەکەی لیژنەی دارایی گوتی: بۆ مانگی ئادار و مانگەکانی دواتر سیستەمی مووچە بە ئەلیکترۆنی دەکرێت و بەگوێرەی سیستەمی نوێ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، ئەویش بە کردنەوەی ھەژماری بانکی لەو بانکانەی سەر بە بانکی ناوەندی عێراقن.

د.خەلیل غازی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەگەر لە توانای حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندابێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھاوتای بەغدا دەکرێت بە مەرجێک ئەو ھاوتاکردنە زیاتر نەبێت لە پشکی ھەرێمی کوردستان لەنێو یاسای بودجەدا، چونکە بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان ١٢% دیاری کراوە.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار