بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی بەردی بناغەی زانکۆی شنگال دادەنرێت

شنگال _KDP.info_ پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان زانکۆی شنگال دەکرێتەوە و بڕیارە تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بەردی بناغەشی بۆ دابنرێت.
مەحما خەلیل، نوێنەری کوردانی ئێزدی لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ساڵی ٢٠١٧وە کار دەکەین بە ھەوڵی حکوومەتی ھەرێم و لەڕێگەی حکوومەتی عێراق کردنەوەی زانکۆی شنگال لە خەونەوە بووە ڕاستی و داواکاریەکە دراوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزیری خوێندنی باڵا، ڕەزامەندی دراوە لە ناوچەی گرزرگا لە ناحیەی سنوون وەزارەتی دارایی پارچە زەوییەکی هەیە ٢١٠ دۆنمە، ١٥٠ دۆنم دەکرێتە بینای زانکۆی شنگال کە لە قۆناغی یەکەم چوار کۆلێژی لێ دەکرێتەوە، ئەوانیش کۆلێژی ئەندازیاری، کشتوکاڵ، پەروەردە و ڤێتەرنەرینە.
مەحما خەلیل گوتیشی: جگە لەوەی حکوومەتی عێراق بە دروستکردنی زانکۆکە ھەڵدەستێت وڵاتانیش ھاوکاری مادوی دەکەن لەوانە یوئێن، تا ئێستا حەوت ملیۆن دۆلار کۆکراوەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت پارەی دیکەش کۆبکرێتەوە و لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو دەکرێت، هەتا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت.
خەلیل باسی لەوەش کرد: پڕۆژەکە دەکرێتە تەندەر و دەدرێتە کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەست بە دروستکردنی بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




