د.حەمید باڤی"سەرۆک بارزانی ھەمیشە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن کردووە"
_(1)__2024_02_25_h15m41s5__ER.jpg)
دھۆک _KDP.info_ رۆژی ١٤ی شوبات سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا بە وەکالەت لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ھێمای بەوە دا کە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێ، نابێ بە بیانووی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن و ڕێوشوێنەکانی وەربدرێت، نابێ کۆسپی بۆ دروست بکرێت و ھەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی بوونی تانە یاساییەکان.
د.حەمید باڤی، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەرۆک بارزانی زیاتر لە ھەموو کەسێک ھەست بە گرینگی ھەڵبژاردنەکان دەکات لەبەر ئەوەیش پێداگری لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن دەکاتەوە، چونکە دواخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیانی زۆری بە دۆزی گەلەکەمان گەیاند و بوشایی پەرلەمانیی پەیدا کردووە لەھەرێمی کوردستان، لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە شێوەیەکی دیکە سەیری ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ھەموو بەرپرس و سەرکردەکانی دیکەش دەزانن زیانەکانی دواخستنی ھەڵبژاردن چەندن.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە: سەرۆک بارزانی زۆر جیدیە لەوەی پرۆسەی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و جەنابیان زیاتر دەزانێ زیانەکانی دواخستنی ھەڵبژاردن چین؟ ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت ھەرچەندە کەم و کووڕیشی تێدا ھەبێت ھەر باشترە لەوەی ھەڵبژاردن نەکرێت، چونکە پەیوەندی بە سەنگی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
د.حەمید باڤی ئاماژەی دا: بە باوەڕی من ئەگەر ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان نەکرێت لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردستان ئەو پێگەیەی ئێستای نامێنێ، لەبەر ئەوەشە سەرۆک بارزانی ھەموو کات جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن کردووەتەوە، سەرۆک بارزانی دەزانێ ئەگەر ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت ڕەوشی ھەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر دەچێت.
قائید میرۆ




