٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نھێلی بۆ KDP: یەکێتی لاوان بە فۆرمێکی نوێ لە کاروانی خەبات بەردەوام دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٧١ ساڵ بەسەر دامەزراندنی رێکخراوی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت و سکرتێری ئەو رێکخراوەش دەڵێ، یەکێتی لاوان بووەتە پردێک لەنێوان لاوانی کوردستان و جیھان، ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بە فۆرمێکی نوێی سەردەمیانە یەکێتی لاوان بەردەوام دەبێت لە کاروانی خەبات.

مەیسەر نھێلی، سکرتێری یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "من خاوەنی ئەم نیشتیمانەم دروشمێکی فرە ڕەھەندە و چەندین بواری ژیان لەخۆ دەگرێت، پێشتر بە دروشمی جیا ئێمە کارمان دەکرد، بەڵام ئێستا گەیشتینە ئەو باوەڕەی ئەگەر نیشتیمان نەبێت مرۆڤ ناتوانێت بەبێ بەڵگەنامە و پاسپۆرت گەشتێک بکات، ھەموو ژیانی مرۆڤ بەندە بە نیشتیمانەوە، ئەمساڵ لە زاخۆوە تا خانەقین چەندین چالاکی بەبۆنەوەی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوون و چالاکیەکان بەردەوامیان دەبێت".

سکرتێری یەکێتی لاوان دەشڵێت: "یەکێتی لاوان قوتابخانەی پێگەیاندنی نیشتیمان پەروەرانە و چەندین جار سەرۆک بارزانی فەرموویەتی یەکێتی لاوان قوتابخانەی نیشتیمانپەروەرانە و نەک سەرکردەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لەزۆرێک لە لایەنە سیاسیەکانی دیکەش سەرکردەکانیان لە یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بوونە، لە چوار ساڵی ڕابردوو یەکێتی لاوان بەشداری لە چەندین کۆنفڕانس و چالاکی نێودەوڵەتی کردووە و توانیومانە دەنگی لاوانی کوردستان بگەیەنینە ھەموو جیھان، لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی لاوان سەردانی وڵاتی چین دەکات بۆ گرێدانی پەیوەندی نێوان لاوانی کوردستان و لاوانی چین، یەکێتی لاوان بووەتە پردێک لەنێوان لاوانی کوردستان و جیھان".

مەیسەر نھێلی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "یەکێتی لاوان چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش بە لاوان دەکات و بووەتە ناوەندێک کە لاوانی کوردستان خۆیان تێدا دەبیننەوە، ھاوکات کەم نین ئەو چالاکیانەی بۆ خزمەتی لاوان ئەنجامدراون ھەر لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بگرە تا کۆتایی ھەر بابەتێکی ژیان پەیوەندی بە لاوانەوە ھەیە ئێمە خۆمان کردووەتە خاوەن و کارمان لەسەری کردووە، لەمەودواش بە فۆرمێکی نوێ و سەردەمیانە بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردنی چینی لاوان".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار