ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئێران بڕیار دەدات
__2024_01_31_h15m48s35__RM.jpg)
بەغدا _KDP.info_ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی: لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھێرشی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی خۆی ئامادەکردووە و دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوانیش بڕیاری کۆتایی دەدەن.
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای بۆردوومانی ھەولێر لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە لیژنەیەک لە حکوومەتی عێراق پێکھات و سەردانی ھەولێری کرد بۆ ئەوەی لە ڕووداوەکە بکۆڵێتەوە، ئەو لیژنەیە لە ڕووداوەکەی کۆڵیوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، ئێستا لیژنەکە ڕاپۆرتی خۆی ئامادەکردووە و کارەکانی خۆی تەواو کردووە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: بڕیارە ئەو ڕاپۆرتە بدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئەوانیش بڕیاری کۆتایی خۆیان بدەن، چونکە کاری ئەو لیژنەیە ئامادەکردنی ڕاپۆرتە لەبارەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاری لەسەر دەدات.
بڵند ئیبراھیم




