٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.فازڵ نەبی: ئەگەر یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.

سەرچاوە: KDP.info

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندا نییە، دەشڵێ: ئەگەر یاساکە ھەموار بکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی یانیش خەرجی حاکیمە کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.

د.فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: یاسای بودجەی عێراق لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندا نییە بۆیە ھەرێم و بەغدا ڕێکەوتوون لەسەر ھەموارکردنەوەی یاساکە، ئەگەر بێت و لەکاتی ھەموارەکە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بخرێـتە سەر وەزارەتی دارایی یانیش خەرجی حاکیمە ئەوە کێشەی مووچە بۆ ئەمساڵ چارەسەر دەبێت،  چونکە زۆر خەرجی دیکە ھەن لەسەر وەزارەتی دارایی عێراقن.

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق گوتیشی:  بەپێی یاسا نابێت ھیچ کەسێک داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە لەکاتی پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵ پشکی ھەرێمی کوردستان دیارکراوە و داواکردنی لیستی فەرمانبەران شتی دیکەی لەپشتە.

د.فازڵ نەبی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پێویستە شاندی سیاسی و باڵا لە ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە بابەتی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لەناو یاسای بودجەدا ئاماژەی بۆ کراوە، ھەرچەندە نابێتە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار