٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

‏‎پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی 25 ساڵەی دامه‌زراندنی كوردستان تیڤی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی، لە پەیامێکدا یادی 25 ساڵەی دامەزراندنی دەزگای سەتەلایتی کوردستان، لە سەرپەرشتیار و بۆردی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندانی دەزگاکە پیرۆز دەکات.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

‏‎بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

‏‎بۆ بەڕێزان سەرپەرشتیار و بۆردی بەڕێوەبردن و سەرجەم كارمەندانی خۆشەویستی دەزگای سەتەلایتی کوردستان

‏‎بە بۆنەی 25 ساڵەی پەخشی كوردستان تیڤی، پیرۆزباییەكی گەرمتان لێدەكەم و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لەو ئەركە پیرۆزەتان، كە خزمەتکردنە بە مێژوو و فەرهەنگ و کۆمەڵگەی کوردستان.

‏‎جێگەی خۆشحاڵییە کوردستان تیڤی هەر لە سەرەتای كاركردنیدا بە متمانە و ڕاستگۆیی ئەو ئەركەی لەسەرشانی بووه‌ جێبەجێی كردووه‌ و بووە پردێكی پەیوەندیی لەنێوان خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە.

‏‎پێویستە كوردستان تیڤی بە وزە و تینێکی زیاترەوە بەردەوام بێت لە پابەندبوون بە کولتووری کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و پێکەوەژیان و ڕەچاوکردنی بەها باڵاکانی گەلەکەمان.

‏‎ئەو چاوەڕوانییە لە دەزگای سەتەلایەتیی کوردستان هەیە کە  مینبەری خەباتگێڕان و هاووڵاتیان و پێکهاتەکانی کوردستان بێت و بە شێوازی گونجاو گرنگی بە مێژووی خەباتی خەڵكی كوردستان و ئێستا و ئاییندەی میللەتەكەمان و گەیاندنی كێشەكانی خەڵک بدات و وەك هەمیشە جێگەی متمانەی خەلك بێت.

هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

 

مەسعود بارزانی

17ی کانوونی دووەمی 2024

هەواڵی پەیوەندیدار