٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری سامانی ماسی: دەمانەوێت لەڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی تازە بەشی پێویستی ناوخۆ ماسی دابین بکەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر_KDP.info_ بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: لەم کابینەیە ٢٩مۆڵەتی پڕۆژەی سامانی ماسی دراوە و بەردەوامیش کار دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکان زیاتر بکرێن بۆ ئەوەی بتوانین پێویستی ناوخۆ لە دابینکردنی ماسی پڕبکەینەوە، چونکە ئەو بەرھەمەی ھەیە پێویستی ناوخۆ پرناکاتەوە و زیاتر پشت بە ھاوردە دەبەستن، بەڵام دەمانەوێت بۆ ماسیش پشت بەخۆمان ببەستین، بۆیە بەردەوام ھەوڵدەدەین پڕۆژەی تازە ئەنجامبدرێت لەڕێگەی وەبەرھێنەران و دروستکردنی بەنداوی تازەش سودێکی زۆری دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی سامانی ماسی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت.

بێستوون بەکر، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٢٩ مۆڵەتمان داوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی سامانی ماسی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێژەی بەرھەمی ھەزار و ٨٠٠ تەن، کۆی گشتی پڕۆژەکانمان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٤١٣ پڕۆژە و بەرھەمیان ٣ھەزار و ٥٠٠ تەن دەبیت، ئەمە ئەو پڕۆژانەن مۆڵەتیان ھەیە و بێ مۆڵەتیش ژمارەیان زۆرە و داوامان کردووە ئامارێکمان بۆ ڕەوانە بکرێت، پێشبینی دەکەین بەرھەمی ئەوانیش دوو بەرامبەری ئەوەی فەرمیی بێت، بەڵام تا داتا وئامارمان بەدەست نەگات نابێتە فەرمیی ، چونکە لە ھەرێمی کوردستان ھەر تاکێک پێویستی بە١٦کیلۆ ونیو ماسی ھەیە ساڵانە  ، بۆیە خواستێکی زۆر لەسەر ماسی ھەیە لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتووان پێنج ملیۆن و٥٠٠ھەزار کەس دەبێت ، بۆیە ساڵانە پێویستمان بە ٩٠ ھەزار تەن دەبیت .
بێستوون بەکر گوتیشی: ئێستا بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ پشت بە وڵاتانی دەوروبەر و ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەبەستین، بۆیە پلان و بەرنامەمان ھەیە پڕۆژەی زیاتر ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی پێویستی ناوخۆ پربکەینەوە، بەھۆی ئەوەی دۆخی دارایی ھەرێم باش نییە ئێستا لەگەڵ وەبەرھێنەران لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی پڕۆژە ئەنجامبدەن، لە دھۆک پڕۆژەیەکی گەورە لە بواری جێبەجێکردن دایە ئەگەر تەواو بێت بەرھەمێکی زۆری دەبێت، قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و بەرھەمی یەکەمی بە نزیکەی ٥٠تەن کەوتووەتە بازاڕ.
بەکر  باسی لەوەشکرد: ھەر کەسێک داوای مۆڵەت بکات پڕۆژە لەو ناوچانە ئەنجامبدرێت کە بەنداو و ڕووباری لێیە مۆڵەتیان پێ دەدەین، بەڵام بۆ ئاوی ژێر زەوی نایدەین، بۆیە ئێستا بەنداوێکی زۆر دروستکراوە درفەتێکی باشە بۆ ئەوەی پڕۆژەی زیاتری ماسی لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار