سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان: لەمەودوا ھەنگوین بە ناوی کوردستان لە وڵاتان دەفرۆشرێت

ھەولێر_KDP.info_ سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان دەڵێت: لە ھەرێمی کوردستان ١٦ھەزار ھەنگەوانمان ھەیە، ئێستا دوای دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوە بۆ ھەنگوینی کوردستان و هەناردەکرنی بەناوی کوردستان وای کردووە خەڵک ئەمساڵ زیاتر ڕوو لە کاری ھەنگەوانی بکەن، چونکە پێشتر خەڵک خۆی ھەنگوینی دەفرۆشت و کۆمپانیا و وڵاتان بەناوی خۆیان ھەنگوینەکەیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بەشێوەی فەرمیی و بەناوی کوردستان ھەنگوین ھەناردە دەکرێت بۆ وڵاتانی کەنداو ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی ھەنگەوانانی کوردستان ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ھەرێمی کوردستان ھەرچەندە ساڵی ڕابردوو بەھۆی خراپی کەش و ھەوا بەرھەمی ھەنگوین وەکو پێویست نەبوو، ئەوەی ئێمە کارمان لەسەر کرد بەرھەم دەگەیشتە ٣٥٠ تەن، ئامارێکیش ھەبوو باسی لەوە دەکرد بەرھەم ٥٠٠ تەن بوو و پێداویستی ناوخۆش دەگاتە ٥٠٠تەن، بەڵام خەڵکی ئێمە وەکو وڵاتان ھەنگوینخۆر نین و تەنھا ٨%ی ھەنگوین دەخۆن بۆیە ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی بەرھەم زیاتر بێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت ، چونکە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئێستا ھەنگوین لەرێگەی دوو کۆمپانیا بەفەرمیی وبەناوی کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو ھەناردە دەکات ، کە پێشتر ھەنگوین کوردستان ھەناردە دەکرا و کۆمپانیاکان بەناوی خۆیان دەیانفرۆشت کە ھەنگوینی کوردستان باشترین ھەنگوینە.
عارف شێروانی گوتیشی ، لە ھەرێمی کوردستان ١٦ھەزار ھەنگەوانمان ھەیە و لەمەودوا ھەنگوین ترسی ئەوەی نابێت ساخنەبێتەوە وبازاری لە دەرەوە بۆ دۆزراوەتەوە ، ئەمەش وای کردووە ئەمساڵ خەڵکێکی زۆر بێن داوا بکەن ھەنگ بەخێوبکەن ، بۆیە بڕیارە خول و راھێنانیان بۆ بکرێتەوە بەتایبەت ئەوانەی دەرچووی زانکۆ وپەیمانگاکانن بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی زانستی ھەنگ بەخێو بکەن و ببنە خاوەن کاری خۆیان و ئێمەش ھەموو ئاسانکاری و ھاوکاریەکیان دەکەین.
شێروانی باسی لەوەشکرد: سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین بازاڕی وڵاتانی بەڕووی ھەنگەوانانی ھەرێمی کوردستاندا کردەوە و چیتر ترسی ئەوەمان نابێت ھەنگوینمان ساخنەبێتەوە لە بازار، ئەمە ھاندانێکە زیاتر پەرە بەکارەکانی خۆمان بدەین و بەرھەمی ھەنگوین زیاتر بکرێت ، چونکە ئێمە زیاتر کار لەسەر بەرھەمھێنانی ھەنگوینی سرووشتی دەکەین تا لە پشکنین دەربچێت، بۆیە پار چەند تەنێک ھەنگوین ھەناردەکرا، ئومێدەوارین ئەمساڵ بتوانین بەرھەمێکی باش ھەناردە بکەین.
بڵند ئیبراھیم




