ئومێد خۆشناو: لە ساڵی 2023 دا زیاتر لە هەزار پرۆژە لە هەولێر ئەنجامدراون

ھەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2023دا، بە گوژمەی 202 ملیار و 500 ملیۆن دینار زیاتر لە هەزار پرۆژەیان لە هەولێر جێبەجێ کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدائاماری کار و پڕۆژەکانى ساڵی رابردووی سنوورى پارێزگاى هەولێرى راگەیاند کە لە ساڵی 2023 دا، لە هەولێر و دەوروبەری هەزار و 53 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 202 ملیار و 500 ملیۆن دینار ئەنجامدراون.
لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا، پارێزگارى هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بودجەی وەزارەتەکان، بودجەی داهاتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێکراون لە سێکتەرەکانى ئاو و ئاوەڕۆ، شەقامە ناوخۆییەکان، رێگاوبانەکان، ئاو و ئاودێری، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافا و وشکەساڵی، لەگەڵ سێکتەری پەروەردە و خوێندن، زیادکردنى رێژەی سەوزایی، تەندروستی، پڕۆژەکانی کارەبا، پڕۆژەکانی تایبەت بە وەرزش و لاوان و کشتوکاڵ.
ئومێد خۆشناو رایگەیاند: پلانی پەرەپێدانى ساڵی تازە ئامادەیە، ئاشکراشیکرد ئەمڕۆ لەوبارەوە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکیان کردووە و لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان پڕۆژەکانیان دیاریکردووە، بۆ ئەمساڵیش 130 ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورى پارێزگای هەولێر دیاریکراوە داندراوە.
لەبارەی پرسی بودجەوە، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە، جگە لەوەی لە بودجەی گشتیی عێراق زوڵم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش لە حکوومەتی عێراق بودجە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵام لە کابینەی نۆیەم بە بەرزکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چاکسازییەکان، لە چوارچێوەی روانگە و تێفکرینەکانی سەرۆکی حکوومەتى هەرێمى کوردستان، پڕۆژەکانی پەرەپێدان لە سەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووەتەوە.
پارێزگارى هەولێر، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە، سوپاسى پاڵپشتى و هاوکارى بەردەوامى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی کرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەستخۆشى لە فەرمانگە و ئەندازیار و تیمەکانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکان و بەڵێندەران کرد کە سەرەڕایى قەیرانى دارایی و گرفتى دواکەوتنى خەرجکردنى سولفەى پێویست، پڕۆژەکان بەردەوامیان هەبووە و نەوەستاون.




