بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی ھەولێر: پلانمان ھەیە گەشتە ئاسمانییەکانمان لەگەڵ وڵاتان زیاد بکرێت

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گوتی: گەشتە ئاسمانییەکانمان لەگەڵ وڵاتان بەردەوامن و بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجام دەدرێن، ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ٦٢ گەشتمان ھەیە و پلانمان ھەیە بۆ ساڵی تازە گەشتەکانمان لەگەڵ وڵاتان زیاد بکرێت.
ئەحمەد ھوشیار، بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: تا ئێستا بۆ گەشتەکانمان بەپێی خشتەی پایزیی کاردەکەین و چاوەڕێ دەکرێت ھەفتەی داھاتوو خشتەیەکی تازە دەربچێت بۆ گەشتەکانمان لە وەرزی زستانە، ڕۆژانە ٦٠ تا ٦٢ گەشت ئەنجام دەدەین.
ئەحمەد ھوشیار گوتیشی: ڕۆژنە گەشتەکانمان بەئاسایی بەڕێوەدەچن، پلان و بەرنامەشمان ھەیە بۆ ساڵی تازە گەشتەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە زیاد بکرێت.
ھوشیار باسی لەوەش کرد: تا ئێستا ئاماری گەشتەکانمان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕانەگەیاندووە، عێراق خۆی ئامارەکە ڕادەگەینێت، ھەرکاتێک بگاتە دەستمان ئێمەش بەفەرمیی ڕایدەگەیەنین.
بڵند ئیبراھیم




