٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.ڤیان سەبری: دەمانەوێت سێ بابەت لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا _KDP.info_ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ھاتنی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگە و دەمانەوێت سێ بابەت لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکەینەوە، ئەوانیش چارەنووسی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو، ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە و زیادکردنی کرێی دەرھێنانی نەوتە لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە کاری جدی لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت و لەمەودوا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شتێکی دیکە گرێنەدرێت و بەتەواوی و لەکاتی خۆی ڕەوانە بکرێت.
د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھاتنی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگە  و گفتوگۆ لەبارەی سێ بابەتی سەرەکی دەکرێت، ئەوانیش  چارەسەرکردنی گرفتی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو کە لەلایەن بەغداوە نەدراوە، ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە  و زیادکردنی پارەی دەرھێنانی نەوت، کە لە یاسای بودجە بڕێکی کەم دانراوە، بۆیە لیژنەیەک لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا و لیژنەی داریی پەرلەمانی عێراق دروستکراوە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو سەردانەیاندا لەگەڵ لیژنەی حکوومەت و لیژنەی دارییش کۆدەبنەوە، کاری سەرەکی ئێمەش وەکو پەرلەمان ئەو سێ بابەتە دەبێت.
گوتیشی: پێویستە  وشەی ئینفاق فعلی لە یاسای بودجە نەمینێت، بۆ ئەوەی  مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھەموو ناوچەکانی دیکە بەھیچ شتێکی دیکە گرێنەدرێت و لەکاتی خۆی ڕەوانە بکرێت.
د.ڤیان سەبری گوتیشی، ئێمەش وەکو ئەنجوومەنی نوێنەران دوای پشوو کاری سەرەکیمان بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکرێت بە جۆرێک کە لەوادەی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە بکرێت و چیتر مووچەی فەرمانبەران نەبێتە کێشە و دوابکەوێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشیکردەوە: پێویستە گرفتی ئەو سێ مووچە نەدراوەی ساڵی ڕابردوو چارەسەر بکرێت و بۆ ئەمساڵیش یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە و لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران بەتەواوی و لەکاتی خۆیدا ڕەوانە بکرێت و دوانەکەوێت، بڕی پێدانی کرێی دەرھێنانی نەوت ڕێژەیەکی کەم دانراوە زیاد بکرێت، بۆیە ئێمە جەخت لەسەر ئەو سێ خاڵە دەکەینەوە پێویستە چارەسەر بکرێن.

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار