٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری وەبەرھێنان: لەمەودوا زیاتر مۆڵەت بەو پڕۆژانە دەدرێت کە ھەلیکار دەڕەخسێنن

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک _KDP.info_ بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ زیاتر مۆڵەت بەو پڕۆژانە دەدرێت دەرفەتی کار بۆ خەڵکی خۆمان دەڕەخسێنن و زیاتریش پڕۆژەکان لەو ناوچانە دەبن دامەزراندنیان تێدا کەمترە وەکو قەزاکان، بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵی ڕابردوو چەندین پڕۆژە  لە قەزاکان مۆڵەتیان پێدراوە.
بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک، دکتۆر ھەڤاڵ سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر مۆڵەت بەو پڕۆژانە دەدەن کە ھەلیکار دەڕەخسێنن، بەتایبەت لە کشتوکاڵ و پیشەسازی و  گەشتوگوزاردا، چونکە ئەو پڕۆژانە دەبنە ھۆی ئەوەی ھەلیکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بڕەخسێنن، بۆ نموونە پڕۆژەیەکی گەشتیاری دروست دەکرێت کۆمەڵێک کەس کاری تێدا دەکەن و ئەو گەشتیارانەی سەردانیشی دەکەن ئەوەش وادەکات جولەی ئابووری  دروست بێت، بۆیە پلانمان ھەیە لە ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر گرنکی بەو پڕۆژانە بدەین ھەلیکار دەڕەخسێنن.
دکتۆر ھەڤاڵ سدیق گوتیشی: لە ساڵی ٢٠٢٣ مۆڵەتمان بە زۆر پڕۆژەی بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار داوە و بوونەتە ھۆی دروستکردنی دەرفەتی زۆری کار بۆ خەڵک، ئێستا ئێمە زیاتر لەو ناوچانەش پڕۆژە ئەنجام دەدەین ھەلی دامەزراندنیان کەمە وەکو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و ئامێدی و قەزاکانی دیکە، بۆیە چەندین پڕۆژە لەو ناوچانە ئەنجامدراون و ھەلیکاری زۆریش بۆ  خەڵکی ئەو ناوچانە ڕەخساوە.
سدیق باسی لەوەش کرد: ھەر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە بۆ ھەر پڕۆژەیەک ٧٥%ی کرێکارەکانی ناوخۆیی بن و ئەوانەی دیکەش دەکرێت بیانی بن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی زیاتر ھەلیکار بۆ کرێکاری ناوخۆ بڕەخسێندرێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار