د.ڤیان سەبری: کار دەکرێت بۆ جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە ئینفاقی فعلی

بەغدا_KDP.info_ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: کاری جدی دەکرێت بۆ ئەوەی یاسای بودجە ھەموار بکرێتەوە و بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە، بۆ ئەوەی مانگانە بەپێی یاسای بودجە پشکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە زۆر پێویستە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دانوستانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر ئەوپرسە کردووە و پێویستە مووچەی خەڵکی ھەرێم لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە، بۆ نموونە بچێتە سەر بودجەی گشتی، چونکە گرێدانی مووچە بە ئینفاقی فعلی دروست نییە و ئەگەر جیابکرێتەوە ئەو کات مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای بودجە ڕەوانە دەکرێت.
د.ڤیان سەبری گوتیشی: پێشنیارکراوە لیژنەیەک پێکبێت بۆ ھەموارکردنەوەی بودجە بە بەشداری ژمارەیەک ڕاوێژکاری حکوومەت و پەرلەمانتار، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبێت، ھەنگاوێکی گرنگە بودجە ھەموار بکرێتەوە چونکە پێویستە وشەی ئینفاقی فعلی نەمینێت و لەسەر بودجەی عێراق ھەژمار بکرێت.
سەبری باسی لەوەشکرد: ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی دوای پشووی پەرلەمان ئەولەویەتی کارمان بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە دانوستانەکانی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغداش بەردەوامە و لەو ماوەیە کۆبوونەوەی زیاتر دەکرێت، بەھۆی ھەڵبژاردنەوە ھەندێک دانوستان بەسستی بەڕێوە دەچوون، بۆیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی لەساڵی نوێ پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە ڕەوانە بکرێت.
گوتیشی: پێویستە جگە لەوەش کولفەی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان زیاتر بکرێت بە پێی شوێنی جوگرافی بەھۆی ئەوەی ڕێژەیەکی کەم دانراوە و پێویستە بۆ زیاتر لە ٢٥دۆلار زیاتر بکرێت، چونکە لە ھەرێمی کوردستان دەرھێنانی نەوت بەزەحمەتە و پێویستە ھاوشێوەی ھەندێک لە پارێزگاکان کولفەی دەرھێنان بەپێی شوێنی جوگرافی بۆ زیاتر لە ٢٥دۆلار بەرزبکرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




