پارتی بۆ ناساندنی کاندیدهكانی کاتژمێر 2 کەرنەڤاڵێکی گەورە ساز دەکات

مەخموور-KDP.info- بە ئامادەبوونی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکان و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە مووسڵ و بەرپرسی لقی مەخموور و سەرۆکھۆزە عەرەب و کوردەکان و پیاوماقوڵان و کاندیدانی سنووری پارێزگای مووسڵ و بە تایبەت مەخموور، کەرنەڤاڵێکی گەورە بۆ ناساندنی کاندیدانی پارتی لە مووسڵ و مەخموور ساز دەکرێت.
کرێکار شاکر، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ کاتژمێر 2:٠٠ی دوای نیوەڕۆ لە قەزای مەخموور کەرنەڤاڵێکی گەورە ساز دەکەین بۆ ناساندنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری مووسڵ بە گشتی و مەخموور بە تایبەتی، کە حەوت کاندیدمان لە سنووری خۆمان ھەیە، چونکە دوایین دەرفەتە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و رۆژی شەممە دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکان دەست پێدەکات.
شاکر گوتیشی، بڕیارە لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە مووسڵ و بەرپرسی لقی مەخموور و سەرۆکھۆزە عەرەب و کوردەکان و پیاوماقوڵانی سنوورەکە ئامادە بن و لەو کەرنەڤاڵەدا وتار و ناساندنی کاندیدان و گۆرانیگوتن بە زمانی عەرەبی و کوردی پێشکەش دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




