ئاڵای کوردستان لە کەرکووک لەسەر بارەگا و نووسینگەکانی کاندیدانی پارتی دەشەکێتەوە

کەرکووک_KDP.info_ بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی: لە بارەگا و نووسینگەکانی کاندیدەکانی ئێمە ئاڵای کوردستان هەڵدراوە و کەس ناتوانێ دایگرێت، ئاڵایەکی یاسایی و دەستورییە، گوتیشی: هەفتەی داهاتوو بارەگاکانی خۆمان بەفەرمیی دەکەینەوە و مەراسیمیش بۆ کردنەوەی بارەگا و ناساندنی کاندیدانمان ئەنجام دەدەین.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدی ژمارە 2ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لیستی 197، مەسعود مەلا پەروێز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئاڵای کوردستان یاسایی و دەستورییە و خەڵکێک هەیە ناحەزی کوردن داوای هێنانە خوارەوەی ئاڵای کوردستان دەکەن، بەڵام لە بارەگا و نووسینگەکانی کاندیدەکانمان ئاڵای کوردستان هەڵدراوە و کەس نەیتوانیوە ئاڵای کوردستان دابگرێت، هەر بەشەکاوەیی دەمینێتەوە.
مەسعود مەلا پەروێز گوتیشی: بڕیارە هەفتەی داهاتوو نوژەنکردنەوەی بارەگاکانی پارتی تەواو بێت و بە فەرمیی بکرێنەوە و تێیدا دەوامی خۆمان بکەین و دواتریش مەراسیمێکی شایستە دەکرێت بۆ کردنەوەی بارەگا و ناساندنی هەڤاڵە کاندید کراوەکانمان.
گوتیشی: ئەم هەڵبژاردنە بۆ کورد چارەنووسسازە و هەموو تواناکانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەنگ و کورسی بەدەست بێنین ، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە خزمەتی کەرکووک و کەرکوکییەکان بکەین.
بڵند ئیبراهیم




