٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان عەبدوڵڵا باس له‌ گرینگیی هه‌بوونی پارتی لە شاری کەرکووک ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- لە رێوڕەسمێکدا بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرا. ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، "لە چەند رۆژی داهاتوودا بارەگای نوێی مەکتەبی رێکخستن و لقی سێی پارتی لە کەرکووک دەکەینەوە".

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا و بە شێوەیەکی فەرمی باڵەخانەی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ڕادەستی حزب کرایەوە و دواتر هەر لەو رێوڕەسمەدا بارەگاکە پێشکەشی زانکۆی کەرکووک کرا.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، نوێنەری زانکۆی کەرکووک، یاریدەده‌ری پارێزگاری کەرکووک؛ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک، بەرپرسی لقی سێی پارتی و نوێنەری ژمارەیەک حزب و لایەنەی سیاسی بەڕێوەچوو.

شاخەوان عەبدوڵڵا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بەفەرمی باڵەخانەی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتیمان وەرگرتەوە و بە سوپاسەوە لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی باڵەخانەکە وەکو دیارییەک پێشکەشکی زانکۆی کەرکووکمان کرد. سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەکەین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ کردنەوەی سەرجەم بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک".

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو بە شێوەیەکی فەرمی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک و باڵەخانەی نوێی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی لە شارەکە دەکرێتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، "پارتی وەکو هێزە سیاسییەکانی دیکەی کەرکووک، لە کار و چالاکییە سیاسییەکانی بەردەوام دەبێت".

وەکو ئەوەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی پێ دا، "بوونی پارتی لە شاری کەرکووک، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و نەتەوەکانی شارەکە بەهێزتر و قووڵتر دەکات و پارێزگاری لە پێکهاتەکانی شارەکە (کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە) دەکات".

لەلایەن خۆیەوە، د. عومران جەمال حەسەن، سەرۆکی زانکۆی کەرکووک رایگەیاند، "لە دڵەوە سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، جوان و زانستی و ئەکادیمییەی کردوویەتی. ئەم بارەگایەی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشکەشمان کراوە، دەکرێتە باڵەخانەی کۆلێژی ئەندازیاری نەوت و سامانە سروشتییەکان".

هەواڵی پەیوەندیدار