نێچیرڤان بارزانى جه‌خت له مافی پێكهاته‌كان ده‌كاته‌وه

ئێواره‌ى ئه‌مرۆ سێشه‌ممه 2023/10/24 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز ئایدن مه‌عرووف وه‌زیرى كاروبارى پێكهاته‌كان له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد.
له دیدارێكدا هه‌ردوولا ده‌باره‌ى دۆخى پێكهاته‌كان و مافه‌كانیان له هه‌رێمى كوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه. له‌مباره‌وه به‌ڕێز ئایدن مه‌عرووف پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى چه‌ند لایه‌نێكى په‌یوه‌ندیدار به دۆخى پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینیه‌كان و ئاماده‌یى و ڕۆڵیان له ژیانى سیاسى و كارگێڕیى وڵات‌دا، خسته ڕوو.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ئاماژه‌دان به پێویستیى پاراستنى مافى پێكهاته‌كان و فراوانكردن و بره‌ودانى به‌رده‌وام به كولتوورى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یی، جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌میشه به وڵاتى هه‌مووان و لانه‌یه‌كى ئارام بۆ ته‌واوى پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى دمێنێته‌وه و به هه‌موو شێویه‌ك پارێزگارى له مۆزاییكى ئایین و نه‌ته‌وه‌کان ده‌كات.




