٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر مەردان خدر: وەک پارتی دەمانەوێت بێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەکان بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی ، دوای کۆنگرەی پارتی فۆکسمان لەسەر ئەوە بووە خزمەتی هەموو ناوچەکانی هەرێم بکرێت بێ جیاوازی ، هەر بۆیە بەردەوام پڕۆژە بۆ ئەو دەڤەرانە ئەنجام دەدرێت.

دکتۆر مەردان خدر ، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کابینەی خزمەتگوزاری ناسراوە ، لە دەرئەنجامی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاکرێ و بەردەڕەش بەردەوام پڕۆژە ئەنجام دەدرێت و بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، بۆیە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری بەردەوام دەبێت.

دکتۆر مەردان خدر گوتیشی: لە دەرئەنجامی سەردانی سەرۆک بارزانیش بۆ ئاکرێ و بەردەڕەش، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابییان سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە داوە، بەشێک لەوانە لە ئاکرێ و بەردەڕەش ئەنجام دەدرێن و ئامادەکاریان بۆ دەکرێت و لە ڕۆژانی داهاتوو بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، لەوانە هۆڵێکی کۆنفرانسە، دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەلەکە کە لەقۆناغی تەندەریندایە و زیاتر لە 81 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، بۆیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەویش ڕادەگەیندرێت.

خدر باسی لەوەشکرد: بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بێ جیاوازی گرنگی بەهەموو ناوچەکان بدرێت و هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕ’ش ، بەتایبەت بەردەڕەش هەستی بە مەغدوری دەکرد، بەڵام دوای کابینەی نۆ ئەو بۆشاییە پڕکراوەتەوە.

گوتیشی: ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان و لقی نۆی و سەرکردایەتی پارتی دوای کۆنگرەی 14ی پارتی فۆکسمان زیاتر لەسەر ئەوەیە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەکانی هەرێم بکرێت، بەتایبەت دهۆک، لە ئەنجامی هەماهەنگی باشی نێوان حکوومەت و حیزب زووتر پەیام و دەنگ و داواکاری خەڵک دەگاتە لایەنی پەیوەندیدار و سەرۆکی حکوومەت، بەتایبەت نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت زۆر یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو ناوچانە بکرێت.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار