٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدوڵڵا ئاکرەیی: ڕەوشی سنوور ئارامە و مەرزی کێلێ دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ماوەیەکی زۆرە ڕەوشی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران سەقامگیرە و بڕیارە بۆ فراوانکردنی قەبارەی بازرگانی چەند ھەنگاوێکی دیکە بنێن، لەوانەش کردنەوەی مەرزی کێلێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ڕەوشی سنووری نێوان ھەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر سەقامگیرە و ھەردوولا کار بۆ فراوانکردنی جووڵەی بازرگانی نێوانیان دەدەن و ڕۆژانە لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەکانی نێوان ھەرێم و ئێران بە قەبارەیەکی زۆر جووڵەی بازرگانی ھەیە و ئێستا بەرەو فراوان بوون دەچێت، بەتایبەتی دوای سەردانی ماوەی ڕابردووی شاندی پارێزگای ھەولێر بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە جەخت لەسەر فراوانکردنی قەبارەی بارزگانی نێوان هەردوولا کرایەوە.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیش: لە چوارچێوەی پەیوەندی نێوان ھەردوولا  بڕیارە  مەرزی کێلێ لە سنووری قەزای سیدەکان بکرێتەوە، ئامادەکاریی بۆ کراوە، کردنەوەی مەرزی کێلێ دوو سوودی دەبێت بۆ ھەرێم و ئێران، هەم ئەو کێشەیەی جار جار ھەیە نا ئارامی سەر سنوور چارەسەر دەبێت، ھەم بۆ گەشەی بازرگانی سوودی دەبێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار