٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکاني پارتي

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی پیرۆزبایی لە گۆڤاری (ڕامان) دەكات

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی كار و نووسین لە گۆڤاری (ڕامان)
سڵاو و رێز

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە گەرمی پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و هەموو خوێنەران و ئەو نووسەر و رەخنەگر و شاعیر و چیرۆكنووس و توێژەر و هونەرمەند و وەرگێڕە هێژایانە دەكات كە لە حەڤدە ساڵی رابردوودا بەشداریی كارایان هەبووە لە دەرچوونی

گۆڤاری (ڕامان)ـدا و بە توانا و سەلیقەی رۆشنبیری و هزری بەپیتی هەمووتان ئەم بڵاوكراوە ئەدەبییە رۆشنبیرییە گشتگیرە دەرچووە و بەردەوام لە ریزی پێشەوەی خزمەتكردنی بزاڤی رۆشنبیریی كوردیدا بووە و بەم تین و تاوەیشییەوە دەتوانێ لە سەرلیستدا بمێنێتەوە و درێژە بەو كاروانەی بدات.

داگیرسانی حەڤدەمین مۆمی تەمەنی گۆڤاری (ڕامان) بۆنەیەكە جێی شانازیی هەموومانە، چونكە یادی دەرچوونی گۆڤارێك دەكەینەوە بووەتە ئامێز بۆ هەموو داهێنانە ئەدەبی و هونەریی و رەخنەییەكانی نووسەران و بەرهەمی بەپێزی رۆشنبیرانی هەر چوارپارچەكەی كوردستان و وەشاندنیان بە سەرتاسەری كوردستاندا. بەمەیش بووەتە پردی پێوەندی و رایەڵی لێكگرێدانی جوانی و هاوچەرخێتی و رەسەنایەتی لە ئەدەبیاتی كوردیدا.

ئێمەیش لە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان پشتگیری و پشتیوانیی خۆمان بۆ گۆڤارە خۆشەویستەكەمان دووپات دەكەینەوە و ئومێد دەخوازین هەمیشە لە پێشكەوتن و گەشەكردنی زیاتردا بێ. سەركەوتوو و سەرفراز بن.

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
4/6/2012
 

هەواڵی پەیوەندیدار