حاكمی پێشووی سه‌ربازی یه‌كێتی بۆ KDP: جگە لە پارتی، بەغدا تەواوی حزبەکانی دیکە وەک حەشد سەیر دەکات

حاكم حه‌مدی گلی، حاكمی پێشووی سه‌ربازی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و ڕاوێژكاری مام جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری پێشووی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی دایه‌وه.
KDP-عێراق به فه‌رامۆشكردنی ڕێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ده‌یه‌وێت چی بكات، به‌تایبه‌ت له سنووری ناوچه دابڕاوه‌كان، تاكه‌ی حكوومه‌تی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت له‌و سیاسه‌ته؟
حاكم حه‌مدی گلی: به‌داخه‌وه مامه‌ڵه‌ی حكوومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ندێك حزب وه‌ك خۆی نییه، ده‌یه‌وێت چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌شد كردووه ئاواش له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبانه بكات، ناوچه‌كه له گۆڕانكاری دایه، ئه‌وه‌ی گرنگه ده‌بێت حكوومه‌تی عێراق خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه بگونجێنێت، چونكه ده‌ركه‌وتووه هه‌ر حزمه‌تێك له عێراق هاتبێته ئاراوه ئه‌گه‌ر نه‌یتوانیبێت ئارامی سیاسی بپارێزێت ڕۆییشتووه و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، به‌داخه‌وه ئێستا ئه‌وه‌ی له‌ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌گوزه‌رێت زۆر خراپه، جۆرێكه له ته‌عریب و حكوومه‌تی عێراق لێی به‌رپرسیارە، جیا له‌وه‌ش به‌غدا توانای ئه‌وه‌ی نییه ئارامی سیاسی بۆ حكوومه‌ته‌کەی خۆی ده‌ستبه‌ر بكات، هه‌ر جاره و به بیانوویه‌ك شتێك ده‌هێنێته پێشه‌وه، به‌داخه‌وه له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه خه‌ریكه له‌ده‌ست عێراقیش نه‌ماوه سیاسه‌تێك له ده‌ره‌وه‌ی عێراق خه‌ریكه ته‌حه‌كوم به وڵاته‌وه ده‌كات، ئه‌وه‌تا له خانه‌قینه‌وه تا شه‌نگال سیاسه‌تێكی تایبه‌ت په‌یڕه‌و ده‌كرێت، زۆر ترسناكه و حكوومه‌ت خۆیشی ناتوانێت ته‌داخولی تێدا بكات.
KDP-ده‌نگۆی دروستكردنی هێزی حه‌شدی كوردی نیگه‌رانی زۆری لێكه‌وتووه‌ته‌وه ئه‌مه ده‌ره‌نجامی چییه؟
حاكم حه‌مدی گلی: جگه له پارتی باقی حزبه‌كانی دیكه له‌لایه‌ن به‌غداوه وه‌ك حه‌شد ته‌ماشا ده‌كرێن، پارتی دیاره ستراتیژییه‌تی له ناوچه‌كه هه‌یه، له‌لایه‌ن به‌غداوه حسابی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌به‌غداوه سوود له ناكۆكی حزبه‌كانی كوردستان وه‌رگیراوه، ده‌یانه‌وێت له‌و كون و كه‌له‌به‌رانه‌وه سوود له ناكۆكی ناوخۆیی كوردستان وه‌ربگرن، خۆیشمان له‌و باریه‌وه كه‌مته‌رخه‌میمان هه‌بووه، چونكه له به‌شێكی ناوچه كوردستانییه‌كان نه‌فه‌سی حزبی زاڵ بوو، ئیستاش سیاسه‌تی درووستكردنی هێزی حه‌شد و میلیشیا له‌و ناوچانه په‌یڕەوی ده‌كرێت ده‌یانه‌وێت به نه‌فه‌سی چه‌كداركردنی خه‌ڵكی جۆرێك له هێزی كوردی دروست بكه‌ن له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌داخه‌وه له‌سنووری ناوچه‌كانی دیاله و دوخزرماتوو كه ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی له‌وێ هه‌یه، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت قیاده‌ی دۆخه‌كه بكات و خۆیشی هیچ بۆ خه‌ڵكه‌كه نه‌كات خه‌ڵكیش ئه‌م سیاسه‌ته قبوڵ ناكات، بۆیه له‌و سنوورانه ئێستا ده‌نگۆی دروستكردنی هێزی كوردی به‌ناوی حه‌شد ده‌ستی پێ كردووه و ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێكی مه‌ترسیداره چونكه ئیستا حه‌شد له‌و سنوورانه پێویستی به یه‌كێتیش نییه خه‌ریكن خۆیان ده‌كه‌نه بڕیار به‌ده‌ستی ناوچه‌کە.
KDP-زۆر هه‌وڵ هه‌یه بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی هه‌ولێر خوێندنه‌وه‌ت بۆ ئه‌مه چییه؟
حاكم حه‌مدی گلی: ئێستا هه‌ولێر ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی بڕیاری سیاسی ناوچه‌کەی، په‌یامی هه‌ولێر وابه‌سته‌كراوه به په‌یامی جیهانه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا هاوكێشەکه گۆڕاوه، ئه‌مه‌ریكا خه‌ریكه دێته‌وه مه‌یدان، ده‌نگی ناڕازی له عێراق له‌ناو شیعه‌كان زیاتر بووه، چونكه تا دێت گروپی حه‌شدی شه‌عبی زیاتر ده‌بێت، ژماره‌ی هێزه چه‌كداره‌كان زیاتر ده‌بێت، بۆ ئه‌مه‌ریكا ئه‌مه قبوڵكراو نییه، ڕه‌نگه ئێستا جۆرێك له پشتیوانی بۆ عێراق هه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ده‌وڵه‌تانی تێدایه، به‌ڵام له دوورمه‌ودادا ئه‌مه سیاسه‌تی تاكتیكه نه‌ك ستراتیژ، ئه‌مه ده‌بێت به‌ڕوونی بۆ خه‌ڵك باس بکرێت، ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌كه ده‌بێت ستراتیژییه‌ت بكات كورده، چونكه كورد دۆستی به‌وه‌فا و جێگیره له بڕیاردان له‌سه‌ر ناوچه‌كه نایه‌وێت یاری تاكیتكی بكات، ئه‌مرۆ به‌غدا تووشی غرور بووه مووچه‌ی خه‌ڵك ده‌بڕێت و گروپی تایبه‌تی چه‌كداری دروست ده‌كه‌ن له دژی كورد، به‌داخه‌وه به‌كرێگیراوی هه‌یه له كوردستانه‌وه خۆیان به‌ده‌ستی خۆیان ده‌چن شكایه‌ت ده‌كه‌ن له ئیداره‌ی گه‌لی كورد و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت كه به‌خوێنی هه‌زاران شه‌هید به‌رهه‌م هاتووه.
KDP- هه‌ندێك هێز له كوردستان بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا ده‌كه‌ن، بۆ ده‌بێت ئه‌مانه ئه‌و سیاسه‌ته بكه‌ن؟
حاكم حه‌مدی گلی: من دڵنیات ده‌كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی كورد به‌ڕاستییان بێت هێشتا ده‌رفه‌ت ماوه بۆ ئه‌وه‌ی چیتر غه‌در له گه‌لی كوردستان نه‌كرێت و ئه‌م پارچه كوردستانه پارێزراوبێت، ناكرێت هاوپه‌یمانان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پشت له كورد بكه‌ن له‌م كاته‌دا، به‌داخه‌وه كورد دووجار له‌لایه‌ن به‌غداوه ده‌چه‌وسێنرێته‌وه، یه‌كه‌م: وه‌ك "كورد" نه‌ته‌وه‌یه‌ك، دووه‌م: وه‌ك بابه‌تی پێكه‌وه ژیان كه له‌م ڕوانگه‌یەوه ده‌ترسن نموونه‌ی كوردستان ئه‌وه‌نده پێشكه‌وێت ئه‌وان تیپه‌رێنن، ئه‌وه‌ی گرنگه په‌یامی به‌هێزی كوردستان وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نرێت و گرنگه له كوردستانیش تێگه‌یشتن له‌وه هه‌بێت كه ئه‌و ده‌هۆڵه‌ی بۆ به‌غدا لێده‌درێت خه‌ریكه له عێراقه‌وه به چه‌پڵه ده‌ریان ده‌كه‌ن، ناكرێت خه‌ڵكی كوردستان دوای چه‌پڵه و قه‌ره‌باڵغی هه‌ندێك خه‌ڵك بكه‌وێت، كورد ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی بۆ دۆخی خراپی ناو عێراق هه‌بێت، چونكه دۆخی ناوخۆییان خراپه و ده‌یانه‌وێت به خراپبوونی دۆخی سیاسی ناو حزبه‌كانی كوردستان په‌رده‌پۆشی بكه‌ن.
KDP-گه‌له‌كۆمه دژی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌یه ئه‌م گه‌له كۆمه بۆچی؟
حاكم حه‌مدی گلی: به‌داخه‌وه پارتی ڕووبه‌ڕووی فشارێكی هه‌رێمی و عێراقی و ناوخۆی بووه‌ته‌وه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه نایانه‌وێت دامه‌زاروه‌ی نموونه‌یی هه‌ولێر و دهۆك گه‌شه بكات بۆیه ده‌بێت پارتی خۆی بڕیار بدات چۆن به سیاسه‌ت وه‌ڵامی ئه‌مه بداته‌وه، ئه‌وه‌ی سه‌یره دژه پارتییه‌كانیش نه‌یان توانیووه خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و ستراتیژییەتە هه‌بێت، ئێستا دژایه‌تی پارتی ده‌كات چونكه ئه‌وان له ڕێگای پارتییه‌وه ده‌یانه‌وێت كوردستان لاواز بكه‌ن و لێدانی پارتی لێدانه له گه‌لی كوردستان، پارتی وه‌ك خۆی به‌رانبه‌ر به نه‌یارانی وه‌ستاوه‌ته‌وه به‌شێك له كورد به‌داخه‌وه به‌كرێگیراون بۆ ئاراسته‌كردنی حسابی ناوخۆیی، ئیستاش له ناو سوننه‌كان خه‌ریكه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ناو كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكاش ئیستا ئاگاداری ئه‌م پیلانه‌یه و نایه‌وێت ناوچه‌كه به‌ره‌و هه‌ڵدێر بڕوات، ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت چاره‌نووسی كوردستان بدرێته ده‌ست قه‌ده‌رێكی نادیاره‌وه كه ئیستا هه‌ندێك هێز هه‌ولی بۆ ده‌ده‌ن.




