٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمیسیۆنی عێراق: بۆ ماوەی مانگێک تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران لە ھەرێم درێژکرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر گوتی، درێژکردنەوەی ماوەی مانگێک بۆ تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران تەنھا ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان کە تا ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە و بێن خۆیان تۆمار بکەن.

بۆتان شێرکۆ، جێگری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لە12ی ئەم مانگەوە وادەی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران کۆتایی پێھات، بۆ ماوەی یەک مانگ لە ھەرێمی کوردستان درێژکرایەوە، بۆیە بەردەوام دەبێت تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران کە دەیانەوێت ناویان تۆمار بکەن".

بۆتان شێرکۆ گوتیشی: "بۆ عێراق کۆتا وادەبوو درێژ نەکرایەوە و ئەوانەی خۆیان تۆمار کردبوو دەتوانن دەنگ بدەن و ئەوانەی دیکەش بێبەش دەبن، بۆیە لە ھەرێمی کوردستان ئاوارە ھەیە و لای ئێمە ھەشت ھەزار ئاوارەی نوێ خۆیان تۆمار کردبوو، پرۆسەکە بۆ ئەوان کۆتایی پێھات".

شێرکۆ باسی لەوەشکرد: "ئێستا دەرفەتێکە بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان تائێستا خۆیان تۆمار نەکردووە بێن خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی لەمافی دەنگدان بێبەش نەبن و بنکەکانی ئێمە کراوەن و دەتوانن ڕۆژانە سەردانمان بکەن و بێن ناویان تۆمار بکەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی تازە تەمەنیان بۆ دەنگدان دەبێت و گەیشتوونەتە 18 ساڵ".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار