شوان کەلاری: ھەوڵی تەواو دەدرێت مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و ھەرێم پێکەوە دابەش بکرێت
__2023_08_13_h18m46s3__HK.jpg)
بڕیارە شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، پەرلەمانتارێکی پارتیش پێی وایە مەبەست لەو ھەموو سەردانە چارەسەرکردنی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە، دەڵێ: ھەموو ھەوڵێک بۆ ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و بەغدا پێکەوە دابەش بکرێت.
شوان کەلاری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: سەردانی شاندەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ لای یەکتری تەنیا مەبەست ئەوەیە کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت و دوای ٢٠ی ھەموو مانگێک لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیش دابەش بکرێت و ھەموو بکرێتە یەک پاکێج.
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: حکوومەتی ھەرێم زۆر جیدییە لە کۆتایی ھێنان بە کێشەی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی چیتر غەدر لە فەرمانبەران نەکرێت، هەر بۆیەش ھەرێم بانگێشتی دیوانی چاودێری دارایی عێراق دەکات بۆ ھەولێر و ھەموو داتاکان دەخاتە بەردەم چاودێری دارایی، لەلایەکی دیکەوە شاندی ھەرێم و وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان ھاتوونەتە بەغدا و ئێستاش سەردانەکان بەردەوامن.
شوان کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک بۆ چارەسەری پرسی ھاتنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەدات و بەرچاو روونی دەداتە بەغدا بۆ ئەوەی چیتر ھەندێ خاڵ ھەنە کەلە بنەڕەتدا ھیچ نین، بەڵام زۆر جار دەکرێنە بەھانە بۆ دواکەوتنی مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و ھاووڵاتییانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان.
قائید میرۆ




