عەدالەت عومەر: پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کێشەی زەوی جووتیارانی کورد کۆدەبێتەوە
__2023_08_10_h18m58s23__HK.jpg)
ڕاوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئاشکرایکرد، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس بەڕێوەدەبات، گوتیشی: بەو ھۆیەوە لە کەرکووک ھەزاران دۆنم زەوی بۆ جووتیارانی کورد دەگەڕێتەوە.
عەدالەت عومەر، ڕاوێژکاری دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: شاندێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان سەردانی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراقی کردووە بۆ چارەکردنی کێشەی جووتیارانی کورد لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لەگەڵ ھەموو لایەنەکان داوامان کردووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، کێشە و مەترسی بۆ سەر جووتیارانی کورد بنبڕبکرێت، تەنانەت لە کەرکووک سەردانی جووتیارانیش کراوە.
ڕاوێژکاری دەستەی ناوچە کوردستانیەکان گوتی: لە کۆبوونەوەیەکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوا لە پەرلەمانی عێراق کراوە کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی بەعس.
عەدالەت عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بە دەرکردنی بڕیاری ژمارە ٣٠ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ھەموو بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمداریی بەعسی ڕوخاو هەڵدەوەشێنەوە، بەو ھۆیەوە ھەزاران دۆنم زەوی بۆ جووتیارانی کورد لەکەرکووک دەگەڕێتەوە، ئەوەیش دەستکەوتێکی گەورەیە.
قائید میرۆ




