٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاوکاری پێشکەشی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتە باڵاکان دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_ حکوومەتی هەرێمی کوردستان سندوقی چاودێری و شیاندنی کەم ئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتە باڵاکانی پەسەند کرد، بریکاری وەزارەتی کاروبای کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش گوتی: لە ڕێگەی ئەو سندوقە هاوکاری کەمئەندامان، خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکان دەکرێت.

بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زەکیە سەید ساڵح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای پەسەندکردنی سندوقی چاودێری و شیاندنی کەمئەندامان، خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتە باڵاکان بۆ ئێمە ڕەوانە دەکرێت، ئێمەیش ڕێنمایی بۆ دەردەکەین، ئەمەیش لەبەر ئەوەی ئەو سندوقە هەم حکوومەت لە بودجەی وەزارەتیی پارەی بۆ تەرخان دەکات، هەم هەر کەسێکیش بیەوێت هاوکاری بکات ڕێکخراوەکان یاخود خێرخوازان دەچێتە ئەو سندوقەوە و هاوکاری کەمئەندام، خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکان دەکرێت، بەڵام پێویستە ڕێنمایی بۆ دەربکەین کە چۆن هاوکاریان بکرێت.

زەکیە سەید ساڵح گوتیشی: ئەوە هەنگاوێکی گرنگە پێشتر پەیڕەومان ئامادەکردبوو و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کردبوو، پەسەندکراوە، ئەوان ڕێکاری ئیداری و مالی دەگرنە بەر، بەڵام تا ڕێنمایی دەرنەکرێت دیار نییە هاوکارییان چۆن دەبێت.

بەپێی یاسا پێویستە خزمەت گوزاری پەروەردە، تەندروستی، دەرونی و خوێندن بۆ کەمئەندامان، خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکان دابین بکرێت، بەڵام ئالیەتەکەی بەپێی رێنمایی دیار دەکرێت.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار